پێشەنگای فۆتۆگرافی لابۆری شانۆی لالش لە کوردستان

لابوری هونەری شانۆیی دكتۆر نیگار حەسیب قەرەداخی
لەلایەن پارێزگاری هەولێر كرایەوە

   بەچاودێری نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێرو بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسان وهونەرمەندان و مامۆستایان و قوتابیانی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر ، پیشانگای لابوری شانۆیی لالش لە ئامادەكردن و رێكخستنی دكتۆر نیگار حەسیب قەرەداخی لە گەلەری پەیمانگەكە كرایەوە .  پارێزگاری هەولێر ستایشی رۆڵی هونەرمەندانەی دكتۆر نیگار حەسیب قەرەداخی و سەنتەری هونەری لالشی كرد كە سالانێكە لەولاتی نەمسا ئەم ستایلەی هونەری بە روخسارێكی كوردانەو سەردەمانە و لەمیانەی چەندین گەشتی هونەری بۆ زوربەی ولاتانی دونیا پێشكەش دەكەن .
نیگار حەسیب قەرەداخی رایگەیاند كە بەنیازە بە پشتەوانی دەزگاو لایەنە هونەرییەكانی كوردستان ئەم ئەزموونە هونەرییەی لەكوردستان بخاتە واری پراكتیكی و بەمەش خزمەتێكی گەورە بە هونەری شانۆو كلتووری نەتەوایەتی گەلەكەی دەكات
02/05/2010
www.hawlergov.org


 
پێشەنگای فۆتۆگرافی ئەزموونەكانی لابۆریی شانۆیی لالش

وارڤین: رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 2/5/2010 لە باڵەخانەی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر پێشانگای فۆتۆگرافی ئەزموونەكانی لابۆری شانۆیی (لالش) دەكرێتەوە. تێیدا نزیكەی500 وێنەی فۆتۆگرافی نیشان دەدرێت كە بریتین لە فۆتۆكانی ئەو نمایش و ئەزموونە شانۆییانەی هونەرمەندانی كورد (دكتۆر نیگار حەسیب قەرەداخی و شەماڵ عمر) لە وڵاتانی ئەوروپا و یابان و میسردا پێشكەشیان كردووە. هەروەها لە هەمان پێشەنگادا فیلمێكی دیكۆمەنتاری سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ۆركشۆپێكی شانۆیی لەگەڵ هونەرمەندان و ئەكتەرانی وڵاتی ئۆكرانیا نیشان دەدرێت.

ئەو نمایش و ئەزموونانە بەشێكن لە چالاكییەكانی ( لابۆری شانۆی لالش) كە هەردوو هونەرمەند لە ساڵی 1998 ەوە لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا دایانمەزراندووە و لە فیستیڤاڵە جیهانییەكانی شانۆدا بەشدارییان كردووە و خەڵاتی باشترین پیرفۆرمانسی وەرگرتووە و بەشداربووییەكی چالاكی هەردوو فیستیڤاڵی (ساڵی كرۆتۆفسكی) بوون لە وڵاتی پۆلۆنیا.
شایانی باسە ئەم پێشەنگایە بەشێكە لە پرۆگرامی كارەكانی دكتۆر نیگار لە كوردستان كە بریتین لە بەڕێوەبردنی ۆرك شۆپێكی چەند رۆژە لەگەڵ هونەرمەندان و قوتابیانی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر و هەفتەی داهاتووش لە شاری سلێمانی ئەو پرۆگرامە بەڕێوە دەچێ

www.warvin.org