بێ سێبەر: نیگار و شەماڵ، ئەزموونێکی تری شانۆی جیهانیی دەخوڵقێنن

دوو هونەرمەندی شانۆکاری کورد، ڕەخنەگرانی عەرەب سەرسام دەکەن

ئامادەکردنی: شۆڕش محەمەد


لابۆری شانۆی لالش کە تایبەتە بەهەردوو هونەرمەندی ئەزموونکاری کورد
نیگار حەسیب و شەماڵ عومەر لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا بە ئەزموونی بێ سێبەر  بووە میوانی خولی هەڤدەهەمی فیستیڤاڵی شانۆی ئوردون کە لە ١ بۆ ١١ ی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٠ بەئەنجامگەیشت. بە سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە پێرفۆرمانسی "بێ سێبەر" دوو ڕۆژ لە شاری عەمان و ڕۆژێکیش لە شاری الزرقاء نمایشکرا و بووە جێگەی سەرسوڕمان و مشتومڕی بینەران و هونەرمەندان و ڕەخنەگران و لەلایەن هەمووانەوە بە باشترین ئەزموونی گرووپە بەشداربووەکانی ئەوروپا و کەنەدا ئاماژەی پێدرا

هەروەها میدیای ئوردونی و عەرەبی بە ڕۆژنامە و سایتە ئەلکترۆنیەکانەوە گرنگیەکی تایبەتیان بەم ئەزموونەی لابۆری شانۆی لالش دا. سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی ئەم سەرکەوتنە لە پەیوەندیەکی تایبەت بە ئەدەب و هونەردا هونەرمەندی شانۆکار (نیگار حەسیب قەرەداغی) وتی: "دەرئەنجامەکانی ئەم سەرکەوتنە میوانداریکردنی لابۆری شانۆی لالش بوو لە ساڵی ٢٠١١ بۆ بەئەنجامگەیاندنی وەرشەی دەنگی و جەستەیی و نومایشتی شانۆیی و بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیدا لە ئوردون و سوریا و مەغریب و تونس و قاهیرە."
لەو فیستیڤاڵەدا کە بە پێی بەرنامەی فیستیڤاڵەکە بۆ هەر نمایشێکی شانۆیی کۆڕێکی ڕەخنەیی ساز دەدرا، لە ڕۆژی چوارەمی فیستیڤاڵەکە لەلایەن نووسەر و ڕەخنەگر و ڕۆژنامەنووسی ئوردونیەوە جمال عیاد باسێکی قووڵ  لەسەر ئەزموونەکەی لابۆری شانۆی لالش بەڕێوەچوو و ئەم کۆڕەش لەلایەن دەرهێنەری ئوردونی صلاح حورانی بەڕێوەچوو. هەروەک چۆن لە پاش کۆڕەکە چەند توێژەر و ڕەخنەگر و شانۆکاری ئوردونی و عەرەبی دیاری میوانی نێو فیستیڤاڵ لەوانە" خاتوو د. مجد القصص، د. احمد سخسوخ، د. احمد عبدالحلیم، غنام غنام. د، كاظم النصار و ئامادەبووانی تریش لە نووسەران و مامۆستایانی شانۆی ئوردونی هەریەکەیان بە پێی ئەزموون و شارەزایی هونەریی خۆیان بە شێوەیەکی زۆر دانسقە و سەرسووڕمانەوە ئەم ئەزموونەیان هەڵسەنگاند و سەرجەمی ڕاوبۆچوونەکان لەسەر ئەوە تەبا بوون کە ئەزموونی لابۆری شانۆی لالش ئەزموونێکی تایبەتمەند و داهێنەرانەی هەردوو هونەرمەندی کورد نیگار و شەماڵە و ئەزموونێکی ترە لە ئەزموونەکانی شانۆی جیهانیدا و وانەیەکی تری خوڵقاندنی ووزەیە لە پانتاییەکاندا

هەروەها ڕەخنەگری عێراقی د. عواد علی بە شێوەیەکی زۆر تایبەتی ئاماژەی ئەم ئەزموونەی کردووە کە (ئەمە ڕێچکەیەکی تری شانۆی وێنەییە بەڵام هەمووو توانستەوێنەیی و فیزیکالیەکان لە بواری دەنگەوە دەخوڵقێن. ئەوەی تا ئێستا لە شانۆی وێنەییدا دیومانە ئەو وێنانەن کە میکانیکی و بێ ڕۆحن، بەڵام وێنە لەم ئەزموونەی نیگار و شەماڵدا خاوەنی ڕۆحن)

هەروەها هونەرمەندی گەورەی عێراقی و عەرەبی یوسف العانی لە پاش بینینی ئەم ئەزموونە لە گفتوگۆ و چاوپێکەوتنەکانیدا لەتەک ئامادەبووانی فیستیڤاڵەکە و تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ عێراقی و عەرەبیەکاندا ئاماژەی بەوەداوە کە (هونەرمەندی گەورە خاتوو نیگار جێی شانازییە بۆ نێوەندی هونەری شانۆ و هەروەها داهێنانی نیگار و شەماڵ بۆ ئەم لابۆرە دەنگیە شانازییە بۆ کوردستان و عێراق و نیشتیمانی عەرەبی و هەروەها شانازیشە بۆ وڵاتی نەمسا)

جێێ باسە هەردوو هونەرمەند نیگار حەسیب و شەماڵ عومەر لە ئێوارەی ئاهەنگی کۆتایی فیستیڤاڵەکەدا بڕوانامەی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و نەقابەی هونەرمەندانی ئوردون و ئەمانەتی گشتی و بەڕیوەربەرایەتی شانۆی شاری عەمان. وەکچۆن ئەم ئەزموونەی لابۆری شانۆ لالش لەلایەن سەفارەتی نەمساوە پشتگیری لێکراوە و هەر لەم ئێوارەیەشدا نوێنەرانی سەفارەتی نەمسا ئامادەبوون و دووپاتی پشتگیریکردنی ئەزموونەکانی داهاتووی لابۆری شانۆی لالشیان لە ئوردون کردۆتەوە

سەرەڕای ئەوەی کە لابۆری شانۆی لالش بەڕابەری نیگار حەسیب و شەماڵ عومەر هەمیشە وەکو ئەزموون و بەشێکی گرنگی جووڵەی ئەزموونکاری لە ووڵاتی نەمسا و ئەوروپا لە فیستیڤاڵە نێونەتەوەییەکانی جیهاندا دەناسێنرێت و پێشکەش دەکرێن، بەڵام شانبەشانی ئەمەش هەمیشە ئەم دوو هونەرمەندە وەکو دوو ئەزموونکاری کورد ئاماژەیان پێدەدرێ و کوردستانیش لەتەک ناوی نەمسا هەمیشە ئامادەیە

تایبەت بە ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ ٢٠١٠/١٢/٢
ژمارە ٥٣٤٣