لابۆری شانۆی لالش لە ئیتالیاوە بۆ سەر ڕۆخی دەریای بەلتیک

ـ١ـ

ئەمساڵیش وەکو هەموو ساڵانی تر لابۆری شانۆی لالش جگە لە بەجێگەیاندنی ئەزموونەکانی لە ووڵاتی نەمسا، ئەوا بەردەوامیشە لە گەشتە هونەرییەکانی بە جیهاندا."نیگار حەسیب و شەماڵ عومەر" وەک دوو ئەزموونکاری کورد پێگەیەکی تایبەتیان لە جیهاندا بۆ ئەزموونەکانیان مسۆگەرکردووە، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی پرۆژەکانیان کە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و جیهانی سەرنج و تێڕامانی شانۆدۆستان و هونەرمەندان و ڕەخنەگر و بیرکارانی شانۆی بۆخۆی ڕاکێشاوە. هەرئەمەشە وای کردووە کە ساڵانە دەیەها بانگەوازی لە گرووپە شانۆیی و فیستیڤاڵ و کۆنفڕانسە نێونەتەوەییەکانی ووڵاتانی جیهانەوە پێ دەگات

وێنە: شەماڵ عومەر، گدانسک/پۆڵۆنیا ٢٠١٢

لە ٢٢ بۆ ٢٩ی مارتی ئەمساڵدا لابۆری شانۆی لالش بووە میوانی (کۆمپانیای ئینستابیلی ڤاگانتی) بۆ بەشداربوون لە دووەم فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی (پێرفۆرماتسیۆنی) لە شاری بۆلۆنیای ئیتالیا. لەم فیستیڤاڵەدا لابۆری شانۆی لالش بەڕابەری نیگار و شەماڵ ۆرک شۆپێکی دەنگی و جەستەیی بەئەنجام گەیاند، کە تیایدا ژمارەیەک ئەکتەری ئیتالی بەشداربوون. شانبەشانی ئەمەش بە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەوە پێرفۆرمانسی بێ سێبەر ی نوومایشتکرد. هەر لەم فیسیتیڤاڵەشدا نیگار و شەماڵ ئاڵوگۆڕی میتۆدی کارکردنیان لەتەک شانۆکارانی ئیتالیدا و هەروەها گفتوگۆیەکی کراوەیان لەگەڵ بینەرانی نوومیشتەکەیاندا بەئەنجامگەیاند

ئەم پرۆژەیەی لابۆری شانۆی لالش بووە جێگەی سەرنجی چەندەها گرووپ و شانۆکارانی ئیتالی کە لە شارەکانی ترەوە بە تایبەت بۆ بەشداربوون لە ۆرک شۆپەکەدا و هەروەها بۆ بینینی نوومایشتەکەی لابۆری شانۆی لالش ئامادەببوون، لە ئەنجامی ئەم بەیەکگەیشتنەشدا لابۆری شانۆی لالش لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێتەوە میوانی چەند شارێکی تری ئیتالیا و هەروەها  مەشق و کارکردنیان لەتەک چەند گرووپێکی شانۆیی دا
 
شایانی باسە لەیەکەم ڕۆژی ۆرک شۆپەکەوە تا کۆتایی نوومایشتەکە ڕەخنەگر و ڕۆژنامەنووسی ئیتالی خاتوو مارتا ڕاگوسا ڕۆژانە بەبەردەوام سەرجەمی ئەم کارەی لابۆری شانۆی لالش و گفتوگۆ و سەرنجەکانی "نیگار و شەماڵ" ی تۆمار کردووە بەمەبەستی نووسینێکی تایبەتی، جگە لەمەش سەرجەمی چالاکییەکانی لابۆری شانۆی لالش بە فۆتۆ و فلیم دۆکۆمێنتکراون و سایتە ئەلکترۆنیەکان و ڕۆژنامە ئیتالیەکان بە چڕی دەنگ و باسی ئەم پرۆژەیەیان بڵاوکردۆتەوە.. لێرەدا پێویستە ئاماژەی ئەوەش بکەین کە بۆ زیاتر فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی میتۆدی کارکردن و خوڵقاندنی پرۆژەی پێکەوەیی ئەوا (کۆمپانیای ئینستابیلی ڤاگانتی) لە ناوەڕاستی مانگی شەشی ئەمساڵدا دەبنە میوانی لابۆری شانۆی لالش لە ڤییەنا

ـ٢ـ

دوابەدوای ئەم گەشتەی ئیتالیاش ڕاستەوخۆ لابۆری شانۆی لالش لە ماوەی ١٢ بۆ ١٦ی مانگی چوار بووە میوانی (نێوەندی هونەریی و کلتوریی) شاری گدانسک لە باکوری ووڵاتی پۆلۆنیا بۆ بەجێگەیاندنی پرۆژەیەکی هونەریی کە بریتی بوو لە بەڕێوەبردنی ۆرک شۆپێکی دەنگی و جەستەیی، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی و فیلمی دۆکۆمێنتاری لەسەر پرۆژەکانی لابۆری شانۆی لالش، نوومایشتکردنی پیرفۆرمانسی (بێ سێبەر) لە یەکێک لە سیناگۆگە دێرینەکانی ئەم شارە، هەروەها بەجێگەیاندنی گفتوگۆیەکی کراوە لەتەک هونەرمەندان و ڕەخنەگران دا، کە لە کۆتایی گفتوگۆکەدا و لەسەر خواستی ئامادەبووان چەند مەشقێکی دەنگی بەئەنجامگەیەنران. شایانی باسە ئەم پرۆژەیەی لابۆری شانۆی لالش لە سی هۆڵی جیاواز شاری گدانسک بە ئەنجامگەیەنرا. جگە لەمانەش لابۆری شانۆی لالش چەند میتۆدێکی مەشق و ڕاهێنانەکانی و چەندەها ئەکتسیۆنی دەنگی و جەستەیی لە نێو سروشت و لەسەر ڕۆخی دەریای بەلتیک لەگەڵ بەشداربووانی ۆرک شۆپەکەدا کە پێکهاتبوون لە کۆمەڵێک شانۆکاری پۆڵۆنی، بە ئەنجامگەیاند

لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند کۆمێنتارێکی شەماڵ عومەر لە ژێر ناونیشانی (پێرفۆرمێر، ئێستاتیکا، سروشت) دەگەیەنینە خوێنەرانی ئازیز، سەبارەت بە ئەزموونەکانی لابۆری شانۆی لالش لە نێو سروشتدا وەکو پرۆژەکانی (سانکت گۆتهاردۆ) لەسەر یەکێک لە لوتکەکانی زنجیرە شاخی ئالپی سویسرا، (سەمای خۆر) لەسەر ڕووباری (هێلێنێن تال) کە یەکێکە لە ناوچە سروشتپارێزراوەکانی نەمسا لە نزیک شاری ڤییەنا، و وێستگەیەکی ئەزموونکاری پرۆژەی (سەرەتای گفت) لەسەر ڕۆخی دەریای سپی ناوەڕاست لە دورگەی کرێتای یۆنانی، پرۆژەی (نیدەرهۆف) لە گوندێکی بناری شاخی ئالپی نەمسا و مەشق و ئەکتیسۆنی دەنگی و جەستەیی لەسەر ڕۆخی دەریای بەلتیک لە باکوری پۆڵۆنیا و هەروەها مەشق و ئەکتیسۆنی دەنگی و جەستەیی وویستگەی دووەمی (پرۆژەی پردەکان) لە دارستانی (گەرمیە) لە نزیک شاری پریشتینای پایتەختی کۆسۆڤۆ، لە پرۆژەی داهاتووشدا لە نێوان مانگی پێنج بۆ حەوت بەجێگەیاندنی چەند ئەزموونێک لەسەر (ڕۆخی ئۆقیانووسی ئەتڵەسی) لە مەغریب و (دەریاچەی پرێسپا) لە باشوری مەکەدۆنیا


ئێستا شەماڵ و نیگار جگە لە کارکردنی بەردەوام لە پرۆژە نوێیەکانیان کە تازەترینیان (پرۆژەی نۆمادن)ە ئەوا لە خۆئامادەکردنیشدان بۆ گەشتەکانی تریان لەمساڵدا بۆ نموونە بەئەنجام گەیاندنی پرۆژەیەکی نێونەتەوەیی لە دەرەوەی شاری ڤییەنا بە ناوی (پرۆژەی سەرچاوە) کە لە نێو سروشت و لە سەر ڕووبارێک بەئەنجام دەگات، بۆ جاری دووەم بەشداری کردن لە (کۆنفڕانسی سەنتەری نێونەتەوەیی توێژینەوەی پێرفۆرمانس) لە مەغریب لە شاری طەنجە، هەروەها بەشداری کردن لە دەهەمین فیستیڤاڵی (ئەکتۆر ئۆف یوروپ) لە ناوچەی پرێسپا لەناوچەی باشووری ووڵاتی مەکەدۆنیا و چەند ووڵاتێکی تریش. سەرجەمی چالاکییەکانی لابۆری شانۆی لالش بریتی دەبن لە (پێرفۆرمانس و بەڕێوەبردنی ۆرک شۆپ و پێشانگای فۆتۆگرافی و فیلمی دۆکۆمێنتاری دەربارەی پرۆژەکانی لابۆری شانۆی لالش و گفتوگۆی کراوە). لە داهاتووی نزیک و لە ساتی خۆیدا سەرجەمی زانیاری و وێنەکان بە خوێنەران دەگەیەنین


شایانی باسە ئەم گەشت و ئەزموونانەی لابۆری شانۆی لالش وەک هەموو جارێک لە ژێر ناوی (نەمسا و کوردستان) بە ئەنجام دەگەیەنرێن و لەلایەن دەزگای کلتوری شاری ڤییەنا و وەزارەتی ڕۆشنبیری نەمسا و بەشی کلتوری سەفارەتەکانی نەمسا لە پۆلۆنیا و ئیتالیا و مەغریب و هەروەها ئینستیتوی کلتوریی ئیتالیا لە ڤییەنا پشتگیری و هاریکاری کراوە

ئا: شۆڕش محەمەد
کوردستانی نوێ/ ئەدەب و هونەر
24/5/2012