نیگار حەسیب و شەماڵ عومەر خەڵاتێکی تری جیهانی بەدەست دەهێنن


-١-

لابۆری شانۆی لالش بووە میوانی دوو فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی لە مەکەدۆنیا

لە ٥ بۆ ١٢مانگی حەوتی ئەمساڵدا، کە تیایاندا نیگار حەسیب و شەماڵ  عومەر وەرشەیەکی دەنگی و جەستەیی و هەروەرها ئەزموونی بێ سێبەر یان بەئەنجام گەیاند. ئەم دوو فیستیڤاڵەش بریتی بوون لە "بیت فێست ٢٠١٢، فیستیڤاڵی هونەری و کلتوری" لە شاری "بیتۆلا" کە نوومایشتی بێ سێبەر ی لابۆری شانۆی لالش لە گۆڕەپانی مۆزەخانەیەکی بەناوبانگدا پێشکەش کرا کە لە چەرخی نۆزدەدا وەکو "ئەکادیمیای سەربازی" بنیات نراوە.
هەروەها دووەم فیستیڤاڵیش بریتی بوو لە "خولی دەیەمی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی ئەکتەری ئەوروپا" لە ناوچەی دەریاچەی پرێسپا لە باشووری مەکەدۆنیا، لەم فیستیڤاڵەشدا ئەزموونی بێ سێبەر لە گۆڕەپانی مۆزەخانەی سارای لە شاری "ڕێزێن" پێشکەش کرا

مایەی خۆشحاڵیە کە لەم فیستیڤاڵەدا کە چەندەها گروپی شانۆیی لە ووڵاتانی ئەوروپاوە بەشدار ببوون ، لە کاتێگۆری خەڵاتەکاندا، "خەڵاتی ژاک لاکارێر" تایبەت بە "شانۆ وەکو دیالۆگی نێوان شارستانیەتەکان" بە ئەزموونی "بێ سێبەر" ی لابۆری شانۆی لالشی نیگار و شەماڵ بەخشرا. ژاک لاکارێر نووسەر و بیرکارێکی فەڕەنسیە و بە دامەزرێنەری ڕۆحی ئەم فیستیڤاڵە دادەنرێت، ئەمساڵیش بە بۆنەی یوبیلیۆمی دەهەمین ساڵی ئەم فیستیڤاڵەوە ئەم خەڵاتە تایبەتیە بە لابۆری شانۆی لالش بەخشرا

لە سێرەمۆنیەکی زۆر تایبەتدا و لە کردنەوەی فیستیڤاڵەکەدا سەرۆک و دامەزرێنەری فیستیڤاڵەکە بەڕێز "جۆردان پلێڤنیش"ی دراماتورگ و نووسەر و سیاسەتمەداری بەناوبانگی بالکان و ئەوروپا کە ماوەیەکی درێژ باڵیۆزی مەکەدۆنیا بووە لە فەڕەنسا و ئیسپانیا و پورتوغال، ئاماژەی بەوەدا کە (ئێمە ئەمساڵ زۆر خۆشحاڵین کە "پیتەر بروک" و "نیگار و شەماڵ" میوانمانن). لە سێرەمۆنی کۆتایی فیستیڤاڵەکەشدا هەمان بەڕێز ئاماژەی بەوەدا کە: هیوادارین ساڵی داهاتووش ئەزموونێکی تری ئەم دوو هونەرمەندە داهێنەرەی کورد شەماڵ و نیگار فیستیڤاڵەکەمان بڕازێنێتەوە

شایانی باسە هەر لەم فیستیڤاڵەشدا ئەزموونێکی (پیتەر بروک) لە لایەن ئەکتەری بەناوبانگ (بروس مایەرس) نوومایشت کرا، کە تیایدا خەڵاتی ڕێزنێنانی پێ بەخشرا. فیستیڤاڵەکە بە ووتەیەکی سەرۆک کۆماری مەکەدۆنیاتایبەت بەم دیدارە نێودەوڵەتیە کرایەوە و زۆربەی وەزیرانی ڕۆشنبیری ناوچەی بالکان و نوێنەری یۆنسکۆ ئامادەبوون

شایانی باسە بە هاریکاری و پشتگیری وەزارەتی پەروەردە و هونەر و ڕۆشنبیری نەمسا ئەم ئەزموونەی لابۆری شانۆی لالش بە ئەنجام گەیشت و بەبیستنی هەواڵی خەڵاتەکەش بەرپرسانی وەزارەتی ڕۆشنبیری نەمسا پیرۆزباییان ئاراستەی نیگار و شەماڵ کرد و دووپاتی پشتگیری بەردەوامی خۆیان کردەوە و لەماوەی داهاتووشدا دیدارێک لە نێوانیاندا بەئەنجام دەگات

-٢-

لە مانگی مارتی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا لابۆری شانۆی لالش جگە لە پرۆژەکانی لە نەمسا ئەوا لە گەشتێکی شانۆیی بەردەوامدایە بە جیهاندا. لە پاش بەجێگەیاندنی پرۆژە دانسقەکانی لە ئیتالیا و پۆڵۆنیا و هەروەرها بە ئەنجامگەیاندنی ئەزموونێک لە نێو سروشتدا لەسەر ڕووباری ڕەشی نەمسا لەتەک گرووپە نێونەتەوەییەکەیدا و چەند ئەزموونێکی تر لە  شارەکانی نەمسا و هەروەها بەشداری کردنی بۆ جاری دووەم لە (کۆنفرانسی نێونەتەوەیی توێژینەوەی پێرفۆرمانسی) لە مەغریب بە بەشداری کۆمەڵێ بیرکاری ناسراوی شانۆ لە جیهاندا، کە لابۆری شانۆی لالش سەرجەمی کارکردنی ۆرک شۆپەکەی لە تەک گروپێکی لاوی شانۆیی مەغریبی دا پێشکەش کرد. هەڵبەتە بە پێی دۆکومێنتەکان سەرجەمی ئەم ئەزموونانە بوونەتە مایەی سەرنج و تێڕامانی بینەران و ڕەخنەگران و بیرکارانی نێونەتەوەیی و بەردەوام وەکو ئەزموونێکی دانسقە و تایبەت ئاماژەی پێدراوە

-٣-
گەشتەکانی داهاتووی لابۆری شانۆی لالش لە ناوەڕاستی مانگی حەوتەوە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ بریتین لە چەند شارێکی تری نەمسا و دووبارە ئیتالیا و ئوردون، ئەمە جگە لە جێبەجێگەیاندنی ۆرک شۆپ و لابۆری کراوە لە ڤیینا

-٤-
پرۆژەی (بێ سێبەر) شانبەشانی پرۆژەکانی تری لابۆری شانۆی لالش لە ساڵی ٢٠٠٦ وە وەکو پرۆژەیەکی ئەزموونکاریی بەردەوامی توێژینەوە و گەڕانی تایبەت بە شەماڵ و نیگار تاوەکو ئێستا لە ٢١ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی و لە چەندەها کۆنفڕانس و زانکۆ و پەیمانگای شانۆیی لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا نوومایشتکراوە و تاوەکو ئەمڕۆش (سێ خەڵاتی) نێودەوڵەتی بە دەست هێناوە

نیگار و شەماڵ ئاماژەی ئەوە دەکەن: (مەکەدۆنیا ئەزموونێکی زۆر تایبەت بوو، چونکە ئەمە یەکەمین جارە لە تەمەنی حەوت ساڵەی نوومایشتی بەردەوامی پرۆژەی (بێ سێبەر) دا، ئەزموونەکەمان لە شوێنی کراوەدا پێشکەش بکەین، کە بریتی بوون لە گۆڕەپانی مۆزەخانەیەکی دێرین کە لەسەدەی نۆزدەهەمدا وەکو ئەکادیمیای سەربازی دروست کراوە لە شاری بیتۆلا، هەروەها لە گۆڕەپانی مۆزەخانی سارای لە ڕێزێن لە ناوچەی پرێسپا کە ئێمە تیایدا خەڵاتەکەمان بەدەست هێنا

هەڵبەتە ئێمە ئەزموونێکی زۆرمان هەیە لە شێوەکارکردنی نێو سروشت و شوێنە کراوەکاندا، بەڵام ئەزموونی بێ سێبەر بە هۆی ستروکتورە تایبەتیەکەیەوە هەمیشە پانتاییەکی داخراو و هۆڵی ئەریخیتێکتۆری دێرینی پێویست بووە. بەڵام ئەمجارەیان ئەزموونەکەمان بە جۆرێکی تر و بە توانستێکی دەنگی و جەستەیی و وێنەیی تایبەتیەوە خستەکار و توانیمان سەرکەوتنێکی لەبەرچاو بەدەست بهێنین. ڕاستەوخۆ لە دوای نوومایشتەکەش بۆ ئایندەیەکی نزیک بانگێشتی مۆنتینێگرۆ و ڕوسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و هەروەها مەکەدۆنیاش کراینەوە

 گۆڤاری هزر و هونەر
5 ژمارە
20/7/2012 هەینی