خەڵاتی تایبەتی (باشترین دەنگ و شانۆی ڕیتوالی) لە ئوردون بۆ لابۆری شانۆی لالش 2012

 

نیگار حەسیب و شەماڵ عومەر
خەڵاتی تایبەتی (باشترین دەنگ و شانۆی ڕیتوالی) یان لە ئوردون پێ بەخشرا

 

( بەو پێیەی ئەم ئەزموونە خاسیەتی شانۆی ڕیتوالی لە خۆ گرتووە و وەکو نوومایشتێکی ڕیتوالیش بە تەواویی لەتەک ئامانج و خواست و ناونیشانی ئەم فیستیڤاڵەدا دەگونجێت، هەروەها بۆ ئەو پێشنیارە داهێنەرانەیان لە بەکارهێنان و بەجێهێنانی دەنگ و بە یەکداچوونی هارمۆنی دا، جگە لەمانەش لە مامەڵەکردنیاندا لە تەک سەرچاوەی میتۆلۆژیادا و بەرجەستەکردنی بەشێوەیەکی داهێنەرانە و خوڵقێنەر، هەروەها بۆ ئەو توانستە دەنگی یە باڵایەی هەردووکیان، ئەوا لیژنەی فیستیڤاڵ بڕیاری دا (خەڵاتی لیژنەی تەحکیمی تایبەت) بۆ نوومایشتی شانۆی ڕیتوالی (مۆنۆس) ی هەردوو داهێنەر نیگار حەسیب و شەماڵ عومەر ببەخشێت). ئەمە بڕیاری لیژنەی تەحکیمی پێنجەهەمین فیستیڤاڵی (عشیات طقوس المسرحیة الدولیة) بوو لە ئوردون لە ماوەی ٢ بۆ ٦ ی مانگی سێپتەمبەری ٢٠١٢ کە لەشاری عەمان سازدار ، کە ساڵانە لە لایەن (فرقة طقوس المسرحیة) یەوە بە ئەنجام دەگات. شایانی باسە سەرجەمی بۆچوون و سەرنجی بینەران و ڕەخنەگران و لیژنەی باڵا و هەروەها دادوەری فیستیڤاڵەکە لەو خاڵەدا یەکیان دەگرتەوە، کە ئەزموونەکەی لابۆری شانۆی لالشی نیگار حەسیب و شەماڵ عومەر تاکە ئەزموونێک بوو کە لەم فیستیڤاڵەدا کە بە شێوەیەکی سەرنج ڕاکێش و سەرسوڕهێنەر مامەڵەیەکی داهێنەرانە لەتەک چەمکی ڕیتوال و ووزەی ڕیتوالیدا بکات. ئەوەی شایانی باسە کارەکانی تری ئەم فیستیڤاڵە سەرەڕای توانستی هونەرییان، ئەوا وەکو هەر نوومایشتێک بەدوور لە خستنەکاری چەمکی ڕیتوال لە شانۆدا، بەجێ گەیشتوون. هەڵبەتە هەر لە سەرەتاوە وا بڕیار بوو کە لەم فیستیڤاڵەدا تەنیا تاکە خەڵاتێک بە باشترین نوومایشتی ڕیتوالی ببەخشرێت، بەڵام سروشتی کارەکان وایانکرد کە خەڵاتی فیستیڤاڵی ئەمساڵ وەکو هەر فیستیڤاڵێکی تر بەدوور لە خاسیەتی شانۆی ڕیتوالی بەسەر کاتیگۆری جیاوازدا دابەش بکرێت.  لێرەشدا لیژنەی دادوەری بەوپێیەی کە ئەزموونەکەی لابۆری شانۆی لالش تاکە ئەزموونی ڕیتوالی بووە لەم فیستیڤاڵەدا ئەوا خەڵاتێکی تایبەتی بۆ باشترین خستنە کاری دەنگ و ڕیتوال بە ئەزموونی (مۆنۆس) ی نیگار حەسیب و شەماڵ عومەر بەخشی

نیگار حەسیب دەڵێت: (زۆربەی ئەو فیستیڤاڵە جیهانیانەی کە ئێمە تا ئێستا بەشداریمان تیادا کردووە، بریتی بوون لە فیستیڤاڵی ئاڵوگۆڕ نەک فیستیڤاڵی نوومایشت و پێشبڕکێ. سەرەڕای ئەمەش هەندێ لەو فیستیڤاڵانە کە کاتیگۆری خەڵاتیان هەبووە، ئەوا لیژنەکانی دادوەری بەدیدەیەکی ترەوە ئەزموونەکانی ئێمەیان بینیوە  و هەمیشە ئەوە سەرنجی ڕاکێشاون کە کاری لابۆری شانۆی لالش وەکو ڕەوتێکی تری ئەزموونکاری بەدەرە لە چەمکە ناسراوەکانی "نوومایشتی شانۆیی" ، هەروەها زۆر بە گرنگی یەوە "پێکهاتەی پێرفۆرمانسی" و "سروشتی پێرفۆرماتیڤی" ئەزموونەکانمانیان لەبەرچاو گرتووە بۆیە هەردەم لە هەڵسەنگاندنیاندا خەڵاتێکی تریان ئیزافەکردۆتە سەر کاتیگۆری خەڵاتی فیستیڤاڵەکە، بۆ نموونە ساڵی ٢٠٠٩ لە سارایڤۆ "خەڵاتی دەنگی مێس" بۆ (باشترین بەکارهێنانی دەنگ لە پێرفۆرمانسدا) بە ئێمە بەخشرا، لەمساڵدا لە مەکەدۆنیا خەڵاتی جیهانی "شانۆ وەکو دیالۆگی نێوان شارستانیەکان" و لە ئوردون بۆ "باشترین خستەنکاری دەنگ و ڕیتوال". بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم، ئەوەی دڵخۆشمان دەکات تەنیا خەڵاتەکە و کاتیگۆرییە تایبەتیەکەی نی یە، بەڵکو زیاتر دیدەی بینەران و ڕەخنەگران و هونەرمەندان و لیژنەی دادوەرییە کە هەمیشە ئەزموونەکانی ئێمە بەرز دەنرخێنن و  وەک ڕێگەیەکی تری گەڕانی ئەزموونکاری دەبێتە جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانیان.
هەروەها جگە لەم خەڵاتەش ئەوا لە ئێوارەی ئاهەنگی کردنەوەی فیستیڤاڵەکەشدا "خەڵاتی ڕێزلێنان لە کاری لابۆری شانۆی لالش لە فیستیڤاڵەکەدا" لەلایەن وەزیری ڕۆشنبیری ئوردونەوە بە شەماڵ عومەر بەخشرا و هەروەها لە ئێوارەی ئاهەنگی کۆتایی فیتسیڤاڵەکەشدا لیژنەی باڵای فیستیڤاڵەکە داوایان لە لابۆری شانۆی لالش کرد کە کردنەوەی سێرەمۆنی ئەو ئێوارەیە بەجێ بگەیەنن. لێرەشدا دوای ووتەیەکی شەماڵ عومەر ئەوا نیگار حەسیب ئەکتسیۆنێکی دەنگی بە ئەنجام گەیاند، کە بووە مایەی سەرسوڕمان و چەپڵەڕێزانی ئامادەبووان

شایانی باسە لابۆری شانۆی لالشی نیگار و شەماڵ لە مانگی مارتی ئەمساڵەوە لە گەشتێکی بەردەوامدان بە جیهاندا، لە پاش ئەزموونەکەیان لە مەکەدۆنیا لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا کە تیاییدا خەڵاتێکی نێودەوڵەتیان پی بەخشرا، ئەوا تا ئێستا جگە لە بەڕێوەبردنی "لابۆری کراوە" لە ڤییەنا، چەندەها ئەزموونی تریان  لە هاوینی ئەمساڵدا لە چەند شارێکی تری نەمسا بەئەنجام گەیاندووە. جگە لەمانەش کۆتایی مانگی هەشت لە گوندێکی نزیک شاری ناپۆلی لە ئیتالیا بوونە میوانی سەنتەرێکی نوێ ی توێژینەوەی شانۆیی کە یەکەمین ئەزموونی ئەم سەنتەرە بە ئەزموونی لابۆری شانۆی لالش کرایەوە و تیایدا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بە پێ ی پرۆگرامێکی لابۆریانە نیگار و شەماڵ کاریان لە تەک بەشداراندا کرد و ئەمەش پێکهێنانی سەرەتای پرۆژەیەکی ئایندەیە لە ژێر ناوی پرۆژەی (نەمسا، کوردستان، ئیتالیا) کە وا بڕیارە زنجیرەیەک ئەزموونی پێرفۆرمانسی و کۆنفڕانس و ئاڵوگۆری میتۆدی و ۆرک شۆپ بگرێتە خۆی بەسەرپەرشتی نیگار و شەماڵ. ئێستا لابۆری شانۆی لالش بەگەرمی سەرقاڵی پرۆژە و توێژینەوە و گەڕانی ئەزموونکارانەی بەردەوامە، لەوانەش کارکردن لە پرۆژەی (نۆمادن)دا لەتەک گرووپە نێونەتەوەییەکەیدا و ، کاری توێژینەوەی پراکتیکی بەردەوام لە هەردوو ئەزموونی (مۆنۆس) و (بێ سێبەر) دا و، هەروەها خۆ ئامادەکردن بۆ گەشتەکانی تری لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە بۆ چەند شارێکی تری نەمسا و  چەند ووڵاتێکی تری ئەوروپا

ئەم ئەزموونە کوردییەی نیگار و  شەماڵ لەلایەن باڵیۆزخانەی نەمسا لە ئوردون بەگەرمی پشتگیری و هاریکاری کراوە

Sept. 2012