یادی دامەزراندنی لابۆری لالش 2013

ساڵانێکی پڕ لە ئەزموونی جیهانی و
گەڕان و توێژینەوەی بەردەوامی

نیگار حەسیب قەرەداغی و شەماڵ عومەر

 

- بیست و دوو ساڵ گەڕان و توێژینەوەی بەردەوامی پراکتیکی و تیۆریی و ئەزموون لە هەندەران. پانزە ساڵی بەردەوام لە پشکنینی لابۆراتۆریی و خاوەنی هۆڵ و شانۆی تایبەت بەخۆیان وەکو پردێکی ئاڵوگۆڕیی نێونەتەوەیی و پرۆژەی بەردەوام لە تەک کیشوەرەکانی دنیادا . ئامادەبوون بە ئەزموون و پرۆژەی دانسقە لە زۆربەی زانکۆ و فیستیڤاڵ و کۆنفڕانسە جیهانیەکاندا. ڕێچکەی تایبەتی و داهێنەرانەی خۆیان و بەدەستهێنانی گرنگترین خەڵاتی فیستیڤاڵەکان . خوێندن و توێژینەوەی زانستی لە دێرینترین زانکۆی جیهانی  (زانکۆی ڤییەنا) و بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لەسەر ئاستێکی بەرز.  شایانی ئاماژەیە مەبەست لە هەموو ئەمانە پرۆژە و ئەزموونی هەردوو گەڕیدەی شانۆ و  ئەزموونکارانی کورد " دکتۆر نیگار حەسیب قەرەداغی" و "شەماڵ عومەر" ن

نیگار و شەماڵ لە ناوەڕاستی هەشتاکانی چەرخی ڕابردووی شانۆی کوردیدا یەکێکن لە دامەزرێنەرانی ڕەوتی شانۆی ئەزموونکاری لە کوردستاندا و خاوەنی گرنگترین ئەزموونەکانی ئەو سەردەمەن کە چەندەها پرسیاری لە بارەی ئەزموون و ئەزموونکاری و نوێخوازی لە شانۆی کوردیدا ووروژاند و کاریگەرییەکی تەواوی لەسەر ڕەوتی شانۆی هەشتاکان و نەوەکانی دوایش خوڵقاند کە تاوەکو ئێستاش باس و گفتوگۆ و توێژینەوەیان لە بارەوە دەکرێت

- پاش ئەوەی "نیگار و شەماڵ" لە ساڵی ١٩٩١ دا (ڤییەنای پایتەختی نەمسا) دەکەنە پانتاییەکی تازە بۆ ژیانی هونەرییان ، ئەوا هەر لەو کاتەوە بەبێ پشوو، بەوپەڕی حەز و ویستەوە بەدووی پانتاییەکی تری ئەزموون و ئەزموونکاریی دا دەگەڕێن، بە ئەزموونە جیهانییەکان دەگەن، بە بێ ماندوو بوون دەپشکنن، سەرەڕای خوێندنی ئەکادیمیای هونەرەجوانەکان لە بەغداد لە ساڵانی هەشتاکاندا،  ئەوا کۆلێژی "زانستی شانۆ" و لەهەمان کاتدا کۆلێژی "سۆسیۆ کولتور ئەنترۆپۆلۆژی"  لە زانکۆی ڤییەنا دەخوێنن و دەیکەنە مەبەستی سەنتەری توێژینەوەی تێزە تازەکان. لەهەمان کاتدا بە ئەنجام گەیاندنی چەندەها ئەزموونی شانۆیی لە ساڵانی (١٩٩١-١٩٩٨) بە ناوی "گروپی شانۆی ئەزموونکاری" لە ڤییەنا و شارەکانی تری نەمسا و زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپا

- لە پاش هەشت ساڵی بەردەوام لە توێژینەوە و گەڕان و پرۆژە و پێکگەیشتن و ووردبوونەوە لە ئەزموونەکانی جیهان، ئەوا وەکو پێداویستییەکی ئەزموونکارانە "لابۆری شانۆی لالش/ سەنتەری توێژینەوەی شانۆ و پێرفۆرمانسی کلتوریی" لە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٩٩ دا لە ڤییەنا بەمەبەستی خستنەکاری ڕەوتی داهێنەرانەی تایبەت بە خۆیان و قووڵ بوونەوە و ئەزموون و گەڕانی بەردەوام دادەمەزرێنن
- لە ناوەڕاستی ساڵی (٢٠٠٠) وە نیگار و شەماڵ لەبەر گرنگی میتۆدی کارکردن و ئەزموونەکەیان توانیان هۆڵ و شانۆی تایبەت بە خۆیان وەکو سەنتەرێکی هەمیشەیی بۆ کاری ئەزموونکاری و توێژینەوەی پراکتیکی و تیۆریی و پێکگەیشتنی نێونەتەوەیی و دیالۆگی کلتورەکان، بە یارمەتی و پاڵپشتی دەزگا هونەریی و کولتورییەکانی ووڵاتی نەمسا، بەدەست بهێنن

میتۆدی کارکردنی لابۆری شانۆی لالش

- "دەنگ وەکو سەرچاوە"، "فیزیکالیەت و وێنەیی دەنگ لە پانتاییەکان دا"، "ئامادەگی جەستە"، "بازنەی پێرفۆرماتیڤی"، چەمکەکانی "پێرفۆرمانس" و "پێرفۆرمێر" سێنتڕالی ئەزموونە پراکتیەکیەکانی لابۆری شانۆی لالش و کاری تیۆری و توێژینەوە زانستی یەکانی "نیگار و شەماڵ" پێک دەهێنن

تا ئێستا جگە لە نووسینی کۆمەڵێ ووتار و لێکۆڵینەوەیان لەم بابەتانە و بەشداری کردنیان لە چەندەها کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی دا کە لەسەر پرۆژەکانی خۆیان قسەیان کردووە، ئەوا شایانی ئاماژەیە کە ماستەر و دکتۆراکەی "نیگار حەسیب" و ماستەرەکەی " شەماڵ عومەر" یش لە زانکۆی ڤییەنا لە ڕەهەندی جیاوازجیاوازەوە ئەم چەمکانەیان توێژینەوە کردووە و وەکو نموونەی لەبەرچاویش ئەمان ئەزموونەکانی خۆیان وەکو ڕەوتێکی داهێنەرانە و تایبەت بە خۆیان پراکتیکە کردووە، کە بوونەتە جێگەی گرنگی پێدانێکی زانستی و پراکتیکی

لێرەدا بە گرنگی دەزانین جارێکی تر ئاماژەی ئەوە بکەینەوە کە خستنەکاری چەمکی "پێرفۆرمانسی ڕیتوالی" لە لای نیگار و شەماڵ بەمەبەستی بەرجەستەکردنی چیرۆکە ئەرخاییەکان و سیمبۆل و ئاماژە و کەرەستە ڕیتوالیەکانی کلتورێک لە کولتورەکان نی یە، بەڵکو ئەمانە جەخت دەکەنە سەر پرۆسەیەکی تەواو جیاواز. لە ئاماژەیەکدا نیگار حەسیب دەڵێت: پێرفۆرمانسی ڕیتوالی لە لابۆرەکەماندا "بەرهەمهێنانی ووزە"  و "ئامادەگی جەستە لە پانتایی و کات" دا و خوڵقاندنی "پانتایی پێرفۆرماتیڤی"یە، کە پرۆسەی "کۆمۆنیکاتسیۆن" و "ئاڵوگۆڕی ووزە" بە شێوەیەکی چڕ و نائاسایی فراوانتر و قوڵتر دەکاتەوە

هەروەها شەماڵ عومەر دەڵێت: (ئێمە بەمەبەستەوە دەڕوانینە "سەرچاوەکان" و بۆ "سەرچاوە" دەگەڕێینەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا پرۆسەکە کردەیەکی ئیستاتیکی یە. بۆیە دەکرێت لێرەدا خۆمان بدەین لەو کۆنتێکستانەی کە من ناویان  دەنێم "ئیستاتیکای ڕیتوال و ڕیتوالی ئیستاتیکی "). هەروەها دەڵێت: لێرەدا پێرفۆرمانسی ڕیتوالی خوڵقاندنی پانتاییەکی تازەیە لە ئەنجامی بڕینی سنوورەکانی نێوان "ڕیتوالی ئیستاتیکی و ئیستاتیکای ڕیتوال" دا)

هەر لێرەشدا چەمکە گرنگەکانی "پێرفۆرمانس و پێرفۆرمێر" لە لابۆری شانۆی لالش دا وەکو شەماڵ عومەر ئاماژەی پێداوە بە تەواوەتی لە دەرەوەی مانا لێکسیکۆنی و گشتی یەکەیدا دەخرێتە کار کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی و سەرتاسەر لە دەرەوەی چەمکەکانی "ئەکتەر" و "ڕۆڵ بینین" و "نوێنەرایەتی" و "دەقایەتی" و "دراماتۆرگی" و ڕاڤەی سایکۆلۆژی و هەروەها "شانۆ" لە مانا ناسراوەکەیدا دەوەستێتەوە و پراکتیکە دەکرێت

دیسانەوە جێگەی ئاماژەیە کە شتێک نی یە لە لابۆری شانۆی لالشدا پێ ی بووترێت "قۆناغی پرۆڤەکردن". لەم بوارەشدا شەماڵ عومەر دەڵێت: پرۆڤە، یاخود قۆناغی پرۆڤە ئەو ساتانەن کە تۆ تیایدا خۆت بۆ پرۆسەیەک، بۆ چالاکییەک ئامادە دەکەیت و توانستە مرۆییەکانی تیا قووڵ دەکەیتەوە، بەڵام لەدوائەنجام دا خۆ ئامادەکردنە بۆ "ئێوارەیەک" یا "چەند ئێوارەیەک" و دێت و بەسەر دەچێت. کاری ئێمە پرۆسەیەکی زیندووی بەردەوامە، کاری ڕۆژانەییە، بڕینی سنووری نێوان ژیان و هونەرە. لە لای ئێمە گرنگ ڕەهەند و پانتاییە جیاوازەکانی ڕێگاکەیە، نەک بۆ ئامانجێک کە خێرا دێت و بەسەر دەچێت. بە کورتی "پرۆڤە" پەیوەندی نێوان "شەمەندەفەر" و "ویستگەکەیە". بەڵام ئێمە هەمیشە لە شەمەندەفەرەکەداین

سەبارەت بە خستنەکاری جەستە و داڕشتنەوەی جووڵە، یاخود باشترە بڵێین ئایا دەکرێ چەمکەکانی "سەما و کۆریۆگرافی" لە ئەزموونەکانی لابۆری شانۆی لالشدا ئاماژەبکرێن؟ لێرەدا نیگار حەسیب دەڵێت: (وەکو ئاشکرایە لەمڕۆکەدا چەمکی "سەما" و "کۆریۆگرافی" چەندەها گۆڕانی فراوانی بەسەردا هاتووە، چەندەها ڕەهەند و کۆنتێکست و ڕێگا و فۆڕمی جیاواز لە خۆ دەگرێت. سەبارەت بە لابۆری شانۆی لالش ئێمە لە ئەکتسیۆن و پێرفۆرمانسی دەنگییماندا مامەڵەیەکی تەواو لەتەک "هەستەکان" دا دەکەین، ئەمەش بەو مانایەی کە پێکهاتە و بەستروکتورکردنی ئەکتسیۆنەکان بە هیچ شێوەیەک پشت بە ڕاڤەکردن و بونیادی بیرۆکە و چیرۆکەکان نابەستێت. لە ئەزموونەکانماندا "دەنگ" سەرچاوەی جوڵەیە، تەنانەت هەر "دەنگ" خۆیەتی کە ماتریال و پێداویستییەکانی نێو پانتایی دەخوڵقێنێت. واتە کۆریۆگرافی جەستەمان بەهۆی شتێک لە دەرەوەی خۆمانەوە ناخوڵقێت، بەڵکو "دەنگ" و "تۆنەکانی دەنگ" کە لە کەسی "پێرفۆرمێر"دا دەخوڵقێن، دەبنە سەرچاوەی جوڵە جەستەییەکان. لەم مانایەشدا بەڵێ ئەمەش سەمایە و جۆرێکە لە کۆریۆگرافی... کەواتە هەموو شتێک کە لە پانتاییەکەدا دەخوڵقێت، بە دەنگ و جوڵەوە، بە ڕەنگ و ڕووناکی یەوە، بە کەرەستە و ماتریالەکانەوە، تەنانەت شێوەی دانیشتن و دابەشکردنی بینەرانیش لە شوێنێکدا، هەر هەموو ئەمانە بە پێداویستییە هەستیەکانی کەسی پێرفۆرمێرەوە بەستراون). هەر ئەمانەشە وای کردووە کە ئەم پرۆژە ئەزموونکارییەی نیگار و شەماڵ بە یەکێک لە گرنگترین ئەزموونەکان لە لایەن توێژکارانی شانۆ و ئەنترۆپۆلۆژی و ڕەخنەگران و هونەرمەندان و بینەرانەوە ئاماژە بکرێت. بۆیە ساڵانە لە دەیەها فیستیڤاڵ و کۆنفڕانسە نێونەتەوەییەکان و زانکۆکانەوە بۆ ئەزموون و لابۆری کراوە و وانە و سیمینار و ۆرک شۆپی تایبەتی میوانداری دەکرێن و هەروەها کاری هاوبەشی لەتەک گرووپە شانۆییەکان و سەنتەر و لابۆرە تازەکاندا بەئەنجام دەگەیەنن

ئەزموونەکانی لابۆری شانۆی لالش

- هەر لە سەرەتای دامەزراندنی لابۆری شانۆی لالشەوە "نیگار و شەماڵ" لەتەک گروپە نێونەتەوەییەکەیاندا چەندەها ئەزموونی دانسقەیان لە نەمسا و ووڵاتانی تر بە ئەنجام گەیاندووە و تیایاندا چەندەها خەڵاتی گرنگیان بەدەست هێناوە و ئاڵوگۆڕی میتۆدیان لە تەک لابۆرە ناسراوەکانی جیهاندا بەجێ گەیاندووە و توانیویانە ئەزموونی "بێ سێبەر" شانبەشانی ناوە گرنگەکانی شانۆی هاوچەرخی جیهانی وەکو "ئۆیجینۆ باربا، پیتەر بروک، تاداشی سوزوکی، ڕیچارد شێخنەر، پینا باوش، ئەناتۆلی ڤاسیلیڤ" لە گرنگترین فیستیڤاڵی جیهانیدا کە فیستیڤاڵی "ساڵی گرۆتۆڤسی" بوو لە ساڵی ٢٠٠٩ لە لە دواهەمین لابۆری گرۆتۆڤسکی لە بژێژینکا لە پۆڵۆنیا پێشکەش بکەن. هەروەها لەتەک گرنگترین توێژەر و بیرکارانی جیهاندا لەوانەش خاتوو "ئێریکا فیشەر لیختەر" لە کۆنفڕانسە نێونەتەوەییەکاندا بەشدار بن

- لەو ئەزموونە گرنگانەی نیگار و شەماڵ کە لێرەدا ئاماژەی هەندێکیان دەکەین بریتین لە پرۆژەی "ووڵاتێک لە خۆڵەمێش و گۆرانی/ پرۆژەی توێژینەوەی ٢٠٠٢-٢٠٠٤" کە جگە لە نەمسا و ووڵاتانی ئەوروپا، ئەوا لە ساڵی (٢٠٠٢) لە ژاپۆن لە شاری تۆکیۆ و پاشانیش لە یۆکۆهاما لە ستۆدیۆی (بوتۆ دانس) ی "ئونۆ کازوئۆ" و بە ئامادەبووی ئەو داهێنەرە خۆی نوومایشتکراوە

هەروەها لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی قاهیرە بۆ شانۆی ئەزموونگەری لە ساڵی (٢٠٠٤) دا سەدایەکی لە ڕادەبەدەری خۆڵقاند وکاندید کرا بۆ خەڵاتی "باشترین ئینسامبڵ" ، لە ساڵی (٢٠٠٥)دا لابۆری شانۆی لالش بە پرۆژەی "سەرەتای گفت/ پرۆژەی توێژینەوەی ٢٠٠٥-٢٠٠٧"  جارێکی تردەبێتەوە میوانی ئەم فیستیڤاڵە لە قاهیرە و دیسانەوە دەبێتە یەکێک لە گروپە هەڵبژێردراوەکان لە لیستی خەڵاتکردن دا.  دوابەدوای ئەوەش بە هەمان پرۆژە بووە میوانی فیستڤاڵی قرتاج لە تونس وچەندەها فیستیڤاڵی تر لە ووڵاتانی ئەوروپا. هەروەها لە ساڵی (٢٠٠٥) هەمان پرۆژە لە ئینیستیتوی گرۆتۆڤسکی لە ڤرۆسلاڤ لە پۆڵۆنیا لە سەر شانۆی لابۆراتۆری گرۆتۆڤسکی لە چوارچێوەی کۆنفڕانس و فیستیڤاڵی "قوتابخانەی نێونەتەوەیی شانۆی ئەنترۆپۆلۆژی" تایبەت بە ئۆیجینۆ باربا و شانۆی ئۆدین و ستافە نێونەتەوەییەکەی، نوومایشت بکەن کە بووە جێگەی تێڕامانێکی زۆر. ئەم بەشداری و ئەزموونانە وایان کرد کە لابۆری شانۆی لالش ببێتە ناوێکی تا بڵێ ی گرنگ لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا

جگە لەمانەش ئەزموونی "بێ سێبەر" وەکو پرۆسەیەکی بەردەوامی نێوان نیگار و شەماڵ کە دەکرێت بڵێین وەکو پرۆژەیەکی بەردەوام کە تیایدا میتۆدی کارکردنی لابۆری شانۆی لالش قوڵتر و فراوانتر دەبێت و بریتی یە لە پرۆسەیەکی گەڕانی بەردەوام کە توانستە فیزیکالی و فیزوالییەکانی دەنگ لە پانتایی دا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پراکتیزە دەکەن، ئەم پرۆژەیە لە ساڵی ٢٠٠٦ وە تاوەکو ئێستا لە ٣٠ فیستیڤاڵ و کۆنفڕانس و پێکگەیشتنی نێونەتەوەیی و زانکۆکان دا لە پانزە ووڵات نوومایشت کراوە، باشترین خەڵاتی بەکار‌‌هێنانی دەنگی لە فیستیڤاڵی  مێسی نێونەتەوەیی لە سارایڤۆ و خەڵاتی "جاک لاکارێرە/ شانۆ وەکو دیالۆگی نێوان شارستانیەکان" لە فیستیڤاڵی "ئەکتەری ئەوروپا" لە مەکدۆنیای پێبەخشراوە، هەروەها چەندەها خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەتی بەدەستهێناوە

هەر شانبەشانی ئەم ئەزموونەش ئەوا لابۆری شانۆی لالش چەندەها پرۆژەی نێونەتەوەیی و ئەزموونی تری لە نەمسا و ووڵاتانی تردا لە ساڵی (٢٠٠٦)ەوە بە ئەنجام گەیاندووە، لەوانەش:( پرۆژەی نیدەرهۆف، پرۆژەی پردەکان، گۆرانیەکە گەڕایەوە، مۆنۆس- کە ئەم ئەزموونە باشترین خەڵاتی نوومایشتی ڕیتوالی لە ئوردون پێبەخشرا-). جگە لەمانەش نیگار و شەماڵ چەندەها ئەزموونی گرنگیان لە نێو سروشت و شوێنە مێژوویی و دێرینەکاندا بە ئەنجام گەیاندووە، کە لەم بوارەشدا پسپۆڕن و خاوەنی گەلێک ئەزموونی دانسقەن لەوانەش: کەرەڤانە، سەمای خۆر، پرۆژەی سەرچاوە

پرۆژەکانی ئەمساڵی لابۆری شانۆی لالش ٢٠١٣

ئەزموونی "بێ سێبەر" لەسەر شانۆی ڕۆمانی کۆن لە ئیتاڵیا

هەر لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر جگە لە کارکردنی بەردەوامی نیگار و شەماڵ لە لابۆرەکایاندا لە ڤییەنا ئەوا بە ئەزموون و ۆرک شۆپ و پرۆژەی نێونەتەوەیی لە زۆربەی شارەکانی نەمسا لە گەشتی بەردەوامدا بوون. هەروەها بەجێگەیاندنی ۆرک شۆپ لە فیستیڤاڵی زانکۆی فاس لە ووڵاتی مەغریب و "قوتابخانەی ئەکتەر" لە نوێرنبێرگ لە ئەڵمانیا. هەروەها گەشتێکی درێژخایان بە ئیتاڵیادا، کە تیایدا بۆ بەشداری کردن لە فیستیڤاڵێکی گرنگ دا کە بە "فیستیڤاڵی بەرد" ناسراوە و سەرجەمی ئەزموونەکان لە شوێنە دێرین و لە شانۆ ڕۆمانییە کۆنەکاندا نوومایشت کراون

نیگار و شەماڵ ئەزموونی "بێ سێبەر" یان بە سەرکەوتوویی لە شاری ناپۆلی لەسەر یەکێک لە کۆنترین شانۆی ڕۆمانی کە لەسەر ڕۆخی دەریایە و هەروەها لە باکووری شاری ڕۆماش لە یەکێک لە کۆشکە کۆنەکانی سەردەنی ڕۆمانیەکان کە ئێستا بووەتە مۆزەخانە بەئەنجام گەیاند. شایانی باسە لە ساڵی (٢٠١٢) یشدا بە هەمان ئەزموون لە شاری بۆلۆنیا لە ئیتالیا لە فیستیڤاڵیکی تردا بەشدار بوون. پاش شاری ناپۆلی و ڕۆما لابۆری شانۆی لالش بۆ بەجێگەیاندنی پرۆژەیەکی هاوبەشی و بەجێگەیاندنی ۆرک شۆپێک لەتەک "سەنتەری "کەسالا دێلا ئارتی" کە لە گوندێکی نزیک شاری ناپۆلی یە بۆ ماوەیەکی درێژ سەرقاڵی ئەزموون و کارکردن بوون و سەرەرای نوومایشتی "بێ سێبەر" و ۆرک شۆپ ئەوا سەرقاڵی پرۆژە تازەکەیان بوون کە بریتی یە لە ئەزموونی "باخچەی خەونەکان"

- پرۆژەی "باخچەی خەونەکان" تازەترین پرۆژەی لابۆری شانۆی لالشە کە ئەزموونی یەکەمی لەتەک "نیگار حەسیب" دایە و ئەزموونی دووەمی لەتەک خاتوو" جۆرجا جۆرینۆ" یە لە ئیتالیا وەکو پرۆژەیەکی هاوبەشی نێوان لابۆری شانۆی لالش و چەند سەنتەرێکی تری شانۆیی لە ئیتالیا، کە  "شەماڵ عومەر" بەڕێوەی دەبات

ئەم ئەزموونە تاوەکو ئێستا لە کاری بەردەوام و گەڕان دایە و چەندەها ئەکتسیۆنی لە مانگی مارت و مای ئەمساڵدا ٢٠١٣ لە شاری ڤییەنا نوومایشت کراوە، یەکێک لە ئەزموونەکانیشی لە نێو سروشتدا لە لایەن "نیگار حەسیب و جۆرجا جۆرینۆ" لە مانگی تەمووزی ٢٠١٣ لە ئیتالیا پێشکەش کراوە. لە مانگی نۆڤێمبەریشدا لە "دووەم خولی شەوی شانۆی ئەوروپی" لە ڤییەنا لە لابۆری شانۆی لالشدا پێشکەش دەکرێت کە تاوەکو ئێستا چەندەها دەقی سەرنجڕاکێشی لە بارەوە نووسراوە

شایانی ئاماژەیە لە هاوینی ئەمساڵەوە نیگار و شەماڵ بەشێک لە پرۆگرامی هاوینەی "زانکۆی  ئینسبروک"ی نەمسا بەڕێوەدەبەن کە تیایدا لێرە بە دواوە وەکو دوو مامۆستای میوان ساڵانە سیمیناری پراکتیکی و ۆرک شۆپ و وانەی تایبەتی لەسەر کاری "دەنگ و ووزە" و بەجێ گەیاندنی ئەکتسیۆنی دەنگی بەجێدەگەیەنن. هەروەها دکتۆر نیگار حەسیب قەرەداغیش دەستنیشان کرا بۆ سەرپەرشتی هەر تێزێکی ماستەر کە لە بواری شانۆدا توێژینەوەی لەسەربکرێت. بەشدارانی ئەم پرۆگرامە قوتابیانی خوێندنی ماستەرن و لە زۆربەی ووڵاتانی جیهانەوە ساڵانە ئامادەی ئەم زانکۆیە دەبن

وەکو ئاشکرایە لابۆری شانۆی لالش لەسەر سیستەمی شانۆی وەرزی کارناکات، بەڵکو پرۆژە و ئەزموونەکانی لە توێژینەوە و پرۆسەی بەردەوامدایە و ڕۆژانە کاری لەسەر دەکەن. بە پێی پلانێکی تۆکمە و داڕێژراویش لە ئێستاوە تا وەکو ساڵی ٢٠١٦ گەلێک بەرنامەی هونەریی لە تەک چەندەها فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی و پەیمانگا و ئەکادیمیا و گروپ و مەڵبەندە شانۆییەکان دا بە بەرنامە کردووە کە لە نەمسا و زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا بە ئەنجام دەگەن

پرۆژەکانی لابۆری شانۆی لالش لە کوردستان

- هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم ئەزموونە دانسقەیەی هەردوو ئەزموونکاری کورد "دکتۆر نیگار حەسیب قەرەداغی و شەماڵ عومەر"  ئەوا ناوەندی میدیای کوردیمان بە ڕۆژنامە و گۆڤار و کەناڵەکانی تەلەفیزیۆنی ناوخۆیی وسەتەلایتەکان و ڕادیۆکان بەردەوام چالاکی و ئەزموونی ئەم لابۆرە، کە لەسەر ئاستی جیهان پێگەی تایبەتی خۆی هەیە، بەسەرکردۆتەوە و هەروەها پانتایی و گرنگییەکی شایستەشیان بە گەڕانەوەکانی "نیگار حەسیب" بۆ کوردستان تەرخان کردووە

شایانی باسە "نیگار حەسیب" دوای بەدەستهێنانی ماستەرەکەی لە زانکۆی ڤییەنا پاش ماوەیەک بۆ یەکەمین جار بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە. لە ساڵەکانی ٢٠٠٠ - ٢٠٠١ - ٢٠٠٢ - ٢٠١٠ چەندەها ۆرک شۆپی بۆ قوتابیانی شانۆ و هونەرمەندە لاوەکانی کوردستان، شانبەشانی پیشاندانی فیلمی دۆکومێنتاری ئەزموونەکانیان  و تێکڕای (١٥٠٠) وێنەی فۆتۆگرافی ئەزموونەکانی لابۆری شانۆی لالشی وەکو چەندەها پێشانگای شانۆیی نوومایشتکردووە

شایانی باسە چەندەها سیمینار و چاوپێکەوتنی لەسەر ئەزموونەکانی لابۆری شانۆی لالش لە سەنتەرە هونەریی و ڕۆشنبیریەکان و لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن و ڕادیۆکانی کوردستاندا و هەروەها پێکگەیشتن و ئاڵوگۆڕی لە تەک زۆربەی هونەرمەندانی کوردستان دا بە نەوە جیاوازەکانیەوە بەئەنجام گەیاندووە

بۆ زانیاری زیاتر وبینینی وێنە و دۆکۆمێنتەکان لە سەر ئەزموونەکانی لابۆری شانۆی لالش ئەوا خوێنەران دەتوانن بڕواننە سایتی تایبەتی لابۆری شانۆی لالش و هەروەها بە تایبەتیش ئەرشیفی زۆربەی ژمارەکانی "گۆڤاری شانۆکار" و "پاشکۆی ئەدەب و هونەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ" و "پاشکۆی هرز و هونەری ڕۆژنامەی خەبات"

کوردستانی نوێ
No.: 850/2013