پێرفۆرمانسی "من هێشتا به‌ پێوه‌م" به‌رهه‌مهێنرا

 

 

پێرفۆرمانسی "من هێشتا به‌ پێوه‌م" به‌رهه‌مهێنرا

هونه‌رمه‌ندی كوردی تاراوگه‌، "نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داخی" به‌رهه‌می هێناوه

 

من هێشتا هەر بە پێوەم نوێترین به‌رهه‌می هونه‌ری "لابۆری شانۆی لالشه‌" له‌ ڤیه‌ننا، كه‌ هونه‌رمه‌ندی كوردی تاراوگه‌، "نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داخی" به‌رهه‌می هێناوه‌

ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌، "نمایشێكی هونه‌رییه‌" و به‌ هۆی په‌یڕه‌وكردنی دووركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆرۆناوه‌، وه‌ك به‌رهه‌مێكی تۆماركراوی ئه‌و ناوه‌نده‌ كوردییه‌ی ڤیه‌ننا، له‌ رێی یوتیوبه‌وه‌، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

 به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌كه‌، كاره‌ هونه‌رییه‌كانی له‌ وێنه‌گرتن، مۆنتاژ، ده‌نگ و نواندن له‌ لایه‌ن "نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داخی"ـیه‌وه‌ بۆ كراوه‌

به‌رهه‌مهێنان و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، به‌ هۆی كۆرۆناوه‌، هۆڵی شانۆی لالش لە ڤیه‌ننا، داخراوە و هەموو پڕۆژەکانیان راگیراون و وه‌ك هه‌وڵێك بۆ گه‌یاندنی په‌یامی هونه‌ری ناوه‌نده‌كه‌، له‌ رێی ئینته‌رنێته‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

زمانی پێرفۆرمانسەکە، زمانی سۆمەری - ئەکەدی کۆن و زمانێکی هونەریی تایبەته‌ و چەند دەنگێکی  هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ  میکس کراون

"نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داخی" له‌ رێی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌وه‌، هه‌وڵیداوه‌ گوزارشت له‌ قه‌یرانه‌ قوڵه‌كانی ژیانی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ بكات، به‌ تایبه‌تی له‌ رووی "داپۆشینی جوانییه‌كانی ژیان، داپڵۆسینی تاكه‌كان و شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كان"

هه‌ر له‌و به‌رهه‌مه‌دا هه‌وڵدراوه‌، نمایشی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و كۆششانه‌ بكرێت بۆ رزگاربوون و به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و هێز و توانای مرۆڤ له‌ خۆده‌ربازكردن و تێپه‌ڕاندنی قه‌یران و توندوتیژی و بێ ده‌نگ نه‌كردنی مرۆڤه‌كان

هەولێرK24