پێرفۆرمانسی لەودیو پەنجەرەیەکەوە

شانۆکارێک مانەوەی لە ماڵ و دوورکەوتنەوەی لە ژیانی دەرەوە دەکاتە شانۆ
لە رۆژی جیهانی شانۆ، پێرفۆرمانسێکی نوێی لابۆری شانۆی لالشە لە ڤییەنا

 

 

                     

 

لە رۆژی جیهانی شانۆ، شانۆکاری کورد نیگار حەسیب قەرەداغی، لەم پێرفۆرمانسەدا، سەرقاڵی تێمای تێپەڕ بوونی ساڵێکە بەسەر ژیانی کەرەنتین و قەدەغەی هاتووچۆ و خزانی مرۆڤەکان، بۆ ناو چوار دیواری ژوورەكان و نێو ماڵەكان

لەم کارە هونەریەدا، پرۆتاگۆنیستەکە لە ململانێدایە لەتەک شووشەیەک، کە ڕێگرە لەبەر دەم چوونە دەرەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەو شووشەیە بۆ پاراستنی ئەم لە ئارادایە، واتە ململانێیەک کە ئەمڕۆ مرۆڤەکانی سەرقاڵ کردوە، ھەروەك بەرەنگاری و هێرش کردن، بوونەتە دوو پرۆسەی ژیان

لەلایەکەوە بەردەوام هێزێک، یاخود دەسەڵاتێکی بینراو و نەبینراو هێرش دەکاتە سەرمان و ئەو شووشەیە، یاخود ئەو پەنجەرەیە دەشکێنرێت، کە پێویست دەکات بمانپارێزێت، مرۆڤەکانیش بەرەنگاری ئەو هێرشە دەبنەوە و هەوڵی دەرباز بوون دەدەن

لەم پێرفۆرمانسە ڤیدیۆیەدا، شانۆکار نیگار حەسیب ئێلێمێنتی فۆتۆگرافی و موڤی تێکەڵ بەیەک کردووە. روخسارەکان وەستاون و هێرشیان دەکرێتە سەر، دەستەکان لە جووڵەدان و بەرەنگاری دەکەن، تا لە کۆتاییدا، روخسارەکان دەرباز دەبن و پەنجەرەکە دەشکێنن. بێگومان لێرەدا دەنگ و ئاوازەکە پڕاو پڕ ئەم حاڵەتانە چڕ دەکاتەوە

بۆ نیگار حەسیب زۆر گرنگ بوو، ئەم پێرفۆرمانسە بۆ رۆژی شانۆی جیهانی پێبگەیەنێت و بیگەیەنێتە بینەرانی و پیرۆزبایی لە هەموو شانۆکارانی هاوڕێی و هاودەمی خۆی بکات و هانی بەردەوامی کاری هونەریان بدات

نیگار حەسیب لەو باوەڕەدایە، لە هەموو بوارێکی سەختی ژیاندا هونەر یەکێکە لەو کارە داهێنەرانەی مرۆڤ لە رۆتینی ژیان دەرباز دەکات و پانتایی خەیاڵیان بەرفراوان دەکات، ھەروەھا رزگاریان دەکات لە دەستەوەستان و هەناسەیەکیان پێدەبەخشێت، بە هۆی کاری هونەریشەوە، نەک تەنها خودی هونەرمەندان، بەڵکو چەند کەسانێکیتریش لە دەوروبەری خۆیان بەرەو ئاسۆیەکی روون دەفڕێنێت

هەر بۆیە لە کۆتایی پێرفۆرمانسەکە گوێمان لە هەناسەی قوڵی پرۆتاگۆنیستەکە دەبێت. کە هەناسە سیمبۆڵی دەربازبوون و ژیانە لە هەموو کولتوور و لای هەموو نەتەوەیەک

 

K24- هەولێر: هەرێم جەعفەر