ئه‌زموونێکی لابۆری شانۆی لالش له ڕۆخی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست
(سه‌ره‌تای گفت)
وه‌کو سێهه‌مین وێستگه‌ی ئه‌زموونکاری له دوورگه‌ی(کریت) ی یۆنان
له یه‌کێک له ڕۆخه‌کانی باکوری دوورگه‌ی کریتدا، له ئێواره‌یه‌کی مانگی ئه‌وگوستی 2006 دا، له و ساتانه‌ی سرو‌شته شاخاویی یه سه‌خت و دڵگیره‌که‌ی (نۆپیجیا) به ته‌واوی هێمن ده‌بێته‌وه، مرۆڤ گوێ ی له هیچ شتێک نابێت جگه له شه‌پۆله به‌هێز و گه‌وره‌کانی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست که به‌رده‌وام له شاڵاوێکی بێ هاوتا و ململانێیه‌کی ئه‌زه‌لیدایه له ته‌ک ئه‌و تاشه به‌رده زه‌به‌لاحانه‌ی ڕۆخی ئه‌م دوورگه‌یه، که ده‌ڵێ ی خواوه‌نده کۆنه‌کانی یۆنان په‌یکه‌رسازیان کردووه.
به لێژایی گردێکی به‌رزه‌وه، که سه‌ره‌تای زنجیره شاخێکه و درێژه ده‌بێته‌وه تا قووڵایی ده‌ریاکه، ئا له‌م لێژایی یه‌دا، بینه‌رێکی زۆری نێونه‌ته‌وه‌یی له کاتژمێری 9 ی شه‌ودا، له نێو دڵی پانتاییه‌کی گه‌وره‌وه، سێ جه‌سته ده‌بینن که به سێ ده‌نگی هارمۆنی و نائاسایی به‌هێزی جیاوازه‌وه ده‌ڕژێنه ناو ده‌نگی به‌هێزی شه‌پۆله‌کانی ده‌ریاوه. له‌م پانتایی یه به‌تاڵه‌دا که چه‌ند ماتریالێکی که‌م و ئاسایی تیا ده‌بینرا، (ده‌نگ و جه‌سته) بوونه سرووتێکی ئه‌فسووناوی و تا دره‌نگانێکی شه‌و بینه‌رانیان سه‌ر سام کرد.
ئه‌مه ئه‌زموونێکی لابۆره‌که‌ی شه‌ماڵ و نیگاره (سه‌ره‌تای گفت / پرۆژه‌ی توێژینه‌وه‌ی 2005/2006) له سێهه‌مین وێستگه‌ی ئه‌زموونکاریدا، له (فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی سیپروس بۆ شانۆی ئه‌ڵته‌رناتیڤی) که له‌سه‌ر یه‌کێک له مۆدێله کۆنه‌کانی شانۆی یۆنانی که به (شانۆی به‌رد) ناسراوه، له هاوینی ئه‌مساڵدا له‌دوورگه‌ی کریتی یۆنان‌دا به ئه‌نجام گه‌یشت.
گرنگی و تایبه‌تمه‌ندێتی ئه‌م ئه‌زموونه‌ی لابۆری شانۆی لالش له‌م پانتایی یه ڕووت و فراوانه‌دا له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی و داهێنه‌رانه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت، که به جیاواز له هه‌موو ئه‌زموونه‌کانی تری ئه‌م فیستیڤاڵه هیچ ئامڕازێکی ته‌کنه‌لۆژیی به‌کا‌ر نه‌هێنابوو، جگه له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی ساکاری ڕووناکی نه‌بێت که‌له سه‌ره‌تای نوومایشته‌که‌وه تا کۆتایی به بێ هیچ گه‌مه پێکردنێک وه‌کو خۆی ماوه‌ته‌وه و، بارودۆخێکی سرووتی بۆ نوومایشته‌که خوڵقاندووه. له لایه‌کی تریشه‌وه کارکردنێکی ته‌واو له سه‌ر (ده‌نگ وجه‌سته) ی بکه‌ره‌کان، که هه‌موو گۆڕانکارییه‌کان له‌وانه‌وه ده‌خوڵقان و هه‌موو پێکهاته و په‌یوه‌ندییه‌کانیش له‌وانه‌وه سه‌رچاوه‌یان ده‌گرت.
جگه له‌مانه‌ش به‌رزکردنه‌وه‌ی پێکهاته و ڕه‌گه‌زه‌کانی نێو سروشت بوو بۆ ئاستێکی ئه‌کسیۆنیزمی و به‌کارخستنیان وه‌کو یه‌که‌یه‌کی پێکهاته‌یی و تووندوتۆڵی پێرفۆرمانسی، که تیایدا سروشت و ده‌وروبه‌ر نه‌چوونه نێو پرۆسه‌ی (کارکردن له شوێنی کراوه و گشتی) دا و هه‌روه‌ها ئێدی ئه‌و سروشته‌ش نه‌بوونه باگراوه‌ند و خوڵقاندنێکی ئه‌تمۆسفێریی ڕووت بۆ ئه‌زموونه‌که، به‌ڵکو سروشت و ده‌وروبه‌ر بوونه به‌شێکی گرنگی پیرفۆرمانسه‌که.
به‌شدارانی ئه‌م ئه‌زموونه‌ش بریتی بوون له نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی و شه‌ماڵ عمر وهه‌روه‌ها سان سان یاپ که یه‌کێکه له ئه‌ندامانی لابۆره‌که و خه‌ڵکی سه‌نغافوره و به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک چینی یه وله ساڵی 2004 ه‌وه به به‌رده‌وام له ته‌کیاندا کار ده‌کات و له ئه‌زموونه‌کانی لابۆری شانۆی لالش له نه‌مسا و میسر و تونس و یۆنان‌دا به‌شداری کردووه.
نیگار حه‌سیب ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌کات که: ( بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه‌مان نه‌بێته پرۆژه‌یه‌کی هونه‌ریی ڕووت له شوێنی کراوه‌دا، ئه‌وا هه‌ندێ له‌و ئه‌کسیۆنه ده‌نگییانه‌مان له‌م ئه‌زموونه‌دا خسته‌کار که تیایدا له نێو یه‌که‌ی ده‌نگی و پلاستیکییه‌تی جه‌سته‌دا، به شێوه‌یه‌کی نائاسایی ، ساتی بێده‌نگی به شێوه‌یه‌کی ته‌کنیکئامێزبه ڕێوه ده‌چێت، که وه‌کو ئاستی بینین و پێکهاته‌ی جه‌سته‌یی و ئاستی کۆمۆنیکاسیۆنی له پانتاییدا، کاریگه‌ریی ده‌خۆڵقێنن. بۆ یه له‌و ساته بێ ده‌نگیا‌نه‌دا شه‌پۆله ڕیتیمیه‌کانی ده‌ریاکه، که به‌به‌رده‌وام جارێک هێمن و جارێکی تر شێتگیرانه له‌م نیمچه چاڵه‌دا خۆی ده‌ئاڵانه جه‌سته‌مان، بوونه یه‌که‌یه‌کی زیندوو وپێکهاته‌ی ئه‌زموونه‌که‌مان).
هه‌روه‌ها شه‌ماڵ ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌کات که: ( له‌م شوێنه‌دا، که لایه‌کمان به شێوه‌یه‌کی نیوه بازنه‌یی به بینه‌ران له‌سه‌ر پلیکانه زۆر و یه‌ک له دوای یه‌که‌کاندا و، له دوولاکه‌ی تریشه‌وه به گردۆڵه‌ی زه‌به‌لاحی به‌ردین و دار هه‌نجیر و ڕووه‌کی بۆنداری سروشتی ئابڵوقه درابووین، له لاکه‌ی تریشه‌وه پانتاییه‌که‌مان ڕاسته‌وخۆ درێژ ده‌بووه‌وه بۆ ئاوه‌که و ده‌یڕوانی به سه‌ر شه‌پۆل و تاشه‌به‌رده‌کانی ڕۆخی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستدا. ئا له‌م شوێنه‌دا پرۆژه‌که‌مان وه‌کو هه‌نگاوێکی تری ئه‌زموونکاریی به‌جێ گه‌یاند. به‌ڵام تابڵێ ی سه‌خت و قورس بوو، توانستێکی تایبه‌تی و له ڕاده‌به‌ده‌ری گه‌ره‌ک بوو، تا سه‌ر ئێسقان ماندووی کردین، به‌ڵام ماندوبوونێکی به چێژ و قورسیه‌کی چێژدار. له دونیای شانۆدا هیچ چێژێک بۆ من ناگاته چێژی "مه‌شقی ڕۆژانه‌یی و به‌رده‌وای ده‌نگی وجه‌سته‌یی" که توانستێکت بۆ مسۆگه‌ر ده‌کات و ئاماده‌گییه‌کی ته‌واوت بۆ پاشه‌ڕۆژ پێ ده‌به‌خشێت. هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستم له "پاشه‌ڕۆژ" له لایه‌که‌وه هه‌موو ئه‌و ساته یه‌ک له دوای یه‌کانه‌ن که تیایاندا تۆ ڕۆژانه که‌ره‌سته ته‌کنیکیه‌کانی خۆت ده‌پشکنی وقوڵتریان ده‌که‌یته‌وه و، هه‌روه‌ها مه‌وداکانی ووزه و توانست واڵاده‌که‌یت و، کاری به‌رده‌وام له‌سه‌ر خۆت ده‌که‌یت و سنوور و ڕێگره ده‌نگی و جه‌سته‌یی و ووزه‌ییه‌کان تێده‌په‌ڕ‌ێنیت.
له لایه‌کی تریشه‌وه "پاشه‌ڕۆژ" هه‌موو ئه‌و ساتانه‌شن که تۆ به به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندییه‌کی چێژدار و کاریگه‌ر له ته‌ک ئه‌و مرۆڤانه‌دا ده‌خوڵقێنیت که پێیان ده‌ووترێت بینه‌ر و منیش به "چاودێرێکی چالاک" ناویان ده‌به‌م).
ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی لابۆری شانۆی لالش بووه مایه‌ی گرنگی پێدانی به‌شداران و بینه‌رانی فیستیڤاڵه‌که و ده‌رئه‌نجامی ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ش لابۆری شانۆی لالش ڕاسته‌وخۆ بۆ کۆمه‌ڵێ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی جیهانی بانگه‌واز کرا، له پۆڵۆنیا و کۆسۆڤۆ و باکوری یۆنان و سویسرا. یه‌که‌مین به‌شداری ئه‌م فیستیڤاڵانه‌ش، فیستیڤاڵی (سکێنا ئه‌پ) ی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ شانۆ و سینه‌ما که له مانگی یانزه‌ی ئه‌مساڵدا له کۆسۆڤۆ به‌ڕێوه چوو.
لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ی ئه‌وه بکه‌م که له‌م شێوه‌کارکردنه‌ی نێو سروشتدا (نیگار وشه‌ماڵ) خاوه‌نی ئه‌زموونی جیهانی دانسقه و له به‌ر چاوون، له وانه‌ش (پرۆژه‌ی شاخی گۆتهارد) له سویسرا، که یه‌کێکه له لووتکه به‌رزه‌کانی زنجیره شاخی ئاڵپ. له‌م پرۆژه‌یه‌دا و له‌ته‌ک "لابۆری پاراتا ی ڤاڵته‌ر‌پفافی سویسری" و گرووپێکی نێونه‌ته‌وه‌یی له ساڵی 1999 دا، لابۆری شانۆی لالش له ته‌ک ده‌نگ و جه‌سته‌دا مامه‌ڵه‌یه‌کی ئه‌کسیۆنیزمیان له‌گه‌ڵ "ئارد و ئاو وبه‌رد و قۆڕ" دا به‌ئه‌نجامگه‌یاند.
ئه‌مه‌ش به ئاماده بوونی ژماره‌یه‌کی زۆری هونه‌رمه‌ندان و بیرکارانی شانۆ و ئه‌نترۆپۆلۆژی له فه‌ڕه‌نسا و ئیتالیا و یۆنان و سویسرا و ئه‌ڵمانیا و نه‌مساوه.
هه‌روه‌ها ئه‌زموونی "سه‌مای خۆر" له ساڵی 2002 له باشوری نه‌مسا له ناوچه‌یه‌کی سروشت پارێزراودا. ئه‌م ئه‌زموونه‌ش ساڵێکی خایاند و چوار ئه‌کسیۆنی جیاواز له ته‌ک وه‌رزه‌کانی (به‌هارو هاوین و پاییز و زستان) ی ساڵدا و له هه‌مان شوێن دا به ئه‌نجامگه‌یه‌ندران. ئه‌م ئه‌کسیۆنانه‌ش له ناو کێڵگه‌ی گه‌نم و ڕووبار و به‌فر و دارستاندا پراکتیزه کراون. که ده‌کرێ نووسین له‌سه‌ر ئه‌م دوو ئه‌زموونه‌ی شه‌ماڵ و نیگار له ناو سروشتدا ببنه سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند بۆ شانۆی کوردی، به‌و هیوایه‌ی له داهاتوودا ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش جێ به‌جێ بکرێت.
لابۆری شانۆی لالش
لابۆری شانۆی لالش وه‌کو ده‌رکه‌وته‌یه‌کی گرنگی پرۆسه‌ی ئه‌زموونکاری له ڤییه‌نای پایته‌ختی نه‌مسادا توانیویه‌تی له ڕێگای میتۆده داهێنه‌رانه‌که‌ی خۆیه‌وه،سه‌رنج و تێڕامانی گرنگ له‌مڕۆی شانۆی جیهانی دا بۆ خۆی ڕابکێشێت.
پرۆسه‌ی "ده‌نگ وه‌کو سه‌رچاوه" که سه‌نتراڵی کاری لابۆری شانۆی لالشه و تایبه‌تمه‌ندێتی هونه‌ری و داهێنه‌رانه‌ی هه‌ردوو ئه‌زموونکاری کورد "نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی و شه‌ماڵ عمر" ه بۆته مایه‌ی گرنگی پێدانی فیستیڤاڵه جیهانی یه‌کان و زانکۆ و بیرکاران و هونه‌رمه‌ندانی شانۆ و بینه‌رانێکی له ڕاده‌به‌ده‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی.
ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی لابۆری شانۆی لالش به‌کارخستنێکی تری دینامیکیه‌تی ده‌نگه که له بواریه‌وه به‌ها مرۆیی و کلتورییه‌کان به‌رجه‌سته ده‌کات. جگه له‌مه‌ش به‌وێنه‌کردن و به‌دیارخستنی ده‌نگه له پانتایی دا، که تیایدا هه‌موو ڕه‌گه‌زه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی نوومایشت له ده‌نگ و جه‌سته‌ی مروۆڤه‌کاندا کۆ ده‌کاته‌وه و پشت بێ هیچ ڕه‌گه‌زه شانۆییه‌کانی وه‌کو ده‌ق و دراماتورگی، ڕووناکی و جل وبه‌رگ ودیکۆر نابه‌ستێت. جگه له‌مانه‌ش خۆ به‌ستنه‌وه‌یه‌کی ته‌واوی شه‌ماڵ و نیگاره به ڕه‌گه‌زێکی تا بڵێ ی گرنگه‌وه که ئه‌ویش (ئیندیڤیدوالیه‌تی) بکه‌ره‌کانه،( که ته‌نیا له‌واندا و به هۆی ئه‌وانه‌وه هه‌موو ئاڵوگۆڕو په‌یوه‌ندی و کاریگه‌ریه‌کان ده‌خوڵقێن و هه‌ر له‌وانیشه‌وه هه‌موو گۆڕان و په‌یوه‌ندیه ڕۆحی و حسی و فیکریه‌کان هه‌ڵده‌قوڵێن).
پرۆژه‌ی داهێنان وئه‌زموونکاری له لای ئه‌مان له لابۆری شانۆی لالش دا له‌سه‌ر دوو ئاست کا‌رده‌کات که بریتین له (داخراو و کراوه). داخراو به‌و مانایه‌ی که پرۆسه‌یه‌کی لابۆرییه و به شێوه‌یه‌کی ڕۆژانه‌یی و به بێ هیچ دابڕانێکی زه‌مه‌نی له کارکردنێکی به‌رده‌وامدایه بۆ تاووتوێکردنی پراکتیکی و پشکنینی به‌رده‌وامی ده‌ستکه‌وته‌کانی. کراوه‌ش به‌و مانایه‌ی که له په‌یوه‌ندیه‌کی زیندوو و به‌رده‌وامدایه به مرۆڤ و جیهانه‌وه.
لێره‌شدا شه‌ماڵ و نیگار ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ده‌که‌ن: (داهێنان، کاری لابۆراتۆری و هه‌روه‌ها پرۆژه‌ی ئه‌زموونکاری، کاری تاکه‌که‌سی یه و هه‌میشه‌ش تاکه‌کان له مێژوودا ئه‌و ده‌ستکه‌وته گه‌ورانه‌یان به ئه‌نجام گه‌یاندووه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا کۆمه‌ڵێ مرۆڤی تریش تیایدا به‌شدارن که دیده‌کان پراکتیزه ده‌که‌ن وپرسیاریش له‌سه‌ر ده‌ستکه‌وته‌کان ده‌خوڵقێنن).
لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم سه‌رنجی خوێنه‌ران بۆئه‌و ووتاره‌م ڕابکێشم، که به دوو به‌ش له ژماره‌ی 478 و 479) یڕۆژنامه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری کوردستانی نوێ دا له‌سه‌ر هێڵه گشتی یه‌کان و ئامانج و میتۆد و ئه‌زموون و گه‌شته جیهانی یه‌کانی لابۆری شانۆی لالش بڵاوکرایه‌وه.
له داهاتووشدا به درێژی ده‌رباره‌ی گه‌شته‌که‌ی لابۆری شانۆی لالش بۆ کۆسۆڤۆ که تیایدا پرۆژه‌ی توێژینه‌وه‌ی 2006/2007 پێرفۆرمانسی "بێ سێبه‌ر" و وه‌رشه‌یه‌کی سێ ڕۆژی بۆ کاری ده‌نگی و جه‌سته‌یی و هه‌روه‌ها کۆڕ و سیمینار و ئاڵوگۆڕی میتۆدی له‌سه‌ر چه‌مکه گرنگه‌کانی پێرفۆرمانسی ڕیتوالی و شانۆ له نێوان تێزه‌کانی ئێتنۆلۆگی و ئه‌نترۆپۆلۆژیدا به ئه‌نجام گه‌یاند. جگه‌له‌مانه‌ش به خۆشحاڵیه‌وه له ماوه‌ی داهاتووشدا خوێنه‌ران له پرۆژه‌یه‌کی گرنگی ئه‌ڵته‌رناتیڤی لابۆری شانۆی لالش ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه که بریتیه له پرۆژه‌ی (نیده‌هۆف). ئه‌م پرۆژه‌یه له ئۆکتۆبه‌ری 2006 تا ئۆکتۆبه‌ری 2008 ده‌خایانێت و تیایدا لابۆری شانۆی لالش له ته‌ک 26 که‌سی دانیشتووی گوندێکی نه‌مسا کار ده‌کات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش شه‌ماڵ و نیگار کاری لابۆره‌که‌یان ده‌گوێزنه‌وه بۆ ئه‌و گونده و له هه‌مان کاتدا له لابۆره‌که‌ی شاری ڤییه‌ناشدا له کاری به‌رده‌وامدا ده‌بن.
شۆڕش محه‌مه‌د حسێن
سلێمانی 2006