ده‌نگ كوریۆگرافی جوڵه ده‌كات: دیدارێک لەتەک د. نیگار حەسیب قەرەداغی
سازدانی: فریاد ئەحمەد
هەولیر مایۆ ٢٠١٠
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی له ساڵی ١٩٨٨ ئه‌كادیمیای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدای ته‌واو كردووه و سێ ساڵ مامۆستا بووه له به‌شی شانۆی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی سلێمانی، له سه‌رتای نه‌وه‌ده‌وكانه‌وه له‌گه‌ڵ شه‌ماڵ عومه‌ری هاوسه‌ری له ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا ده‌ژین و خه‌ریكی كاری شانۆیین، له‌ساڵی ٢٠٠٠ له‌كۆلێژی زانستی شانۆ له ڤیه‌ننا به‌تێزی (ئاماده‌یی جه‌سته له‌پانتایی و زه‌مه‌ندا، تێڕوانینینێكی نا ئه‌وروپیانه بۆ كاری پێرفۆڕمێر) بڕوانامه‌ی ماسته‌ری وه‌رگرتووه، له‌هه‌مان كۆلێژ و له ساڵی ٢٠٠٦ به‌تێزی (كاری شانۆیی و پێرفۆڕمانسی ریتوالی) بڕوانامه‌ی دكتۆرای وه‌رگرتووه، له‌كاتی ئه‌نجامدانی وۆرك شۆپه‌كه‌ی لابۆری شانۆی لالش له‌شاری هه‌ولێر بۆ كۆمه‌ڵه لاوێكی شانۆكار ئه‌و دیداره‌مان له‌گه‌ڵ د. نیگاحه‌سیب ئه‌نجامدا
له‌پێرفۆرمانسه‌كانی ئێوه ده‌نگ وه‌ك توخمێكی گرنگ ته‌ماشا ده‌كرێت، ئایا جه‌سته‌ش هه‌مان گرنگی هه‌یه؟ یان فه‌رامۆشكراوه؟
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی: ئێمه له‌و خاڵه‌وه ئیشه‌كانمان ده‌ست پێده‌كه‌ین كه ده‌نگ و جه‌سته یه‌كن، راسته ده‌نگ ته‌ركیزێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ره و له‌سه‌نته‌ری كاره‌كانماندایه، به‌ڵام جه‌سته‌ش به‌هه‌مان شێوه، ده‌نگ خۆی ده‌بێته سه‌رچاوه بۆ كاری جه‌سته‌یی له‌نمایشه‌كانماندا، به‌بێ جه‌سته ناتوانین ده‌نگ به‌و شێوه‌یه به‌كار بێنین كه ئێستا به‌كاری دێنین له لابۆری شانۆی لالش_ دا، ره‌نگه لای گروپێكی تر یان كه‌سێكی تر ده‌نگ به‌كار بێنیت به‌بێ ئه‌وه‌ی كاری جه‌سته بكات و جه‌سته فه‌رامۆش بكات، به‌هه‌مان شێوه كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر بینه‌ران و جێی خۆی بكاته‌وه له‌سه‌ر ئاستی شانۆی نێو نه‌ته وه‌ییدا، به‌ڵام لای ئێمه چه‌ند ده‌نگ گرنگه به‌هه‌مان شێوه جه‌سته‌ش گرنگه.
ئایا له لابۆری شانۆی لالش گرنگی به (كیرۆگرافیا) ده‌درێت؟ واته ده‌مه‌وێت بڵێم جوڵه ده‌نگ به‌رهه‌م دێنێت یان ده‌نگ توانای خوڵقانه‌وه‌ی (كیرۆگرافیا)ی هه‌یه؟
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی: لای ئێمه ده‌نگ سه‌رچاوه‌ی جوڵه‌یه. كه‌واته ده‌نگ كویرۆگرافی جوڵه ده‌كات، چونكه ئه‌و شێوازی ده‌نگه‌ی كه ئێمه به‌كاری دێنین یاخود ئه‌و گۆرانیانه‌ی ئێمه به‌كاری دێنین له پێرفۆڕمانسه‌كاندا گۆرانی نین وه‌ك وتنی گۆرانی، واته وه‌ك گۆرانی بێژێك گۆرانی ناڵێین، نه‌خێر ئێمه وه‌كو (پێرفۆڕمێر) نمایشكار گۆرانی ده‌ڵێین، هه‌موو جوڵه‌یه‌ك له‌ده‌نگه‌وه له‌دایك ده‌بێت، ده‌نگ خۆی داوای شێوازی جوڵه تیمپۆی جوڵه‌كان ده‌كات، ئێمه له‌ده‌ره‌وه‌ی كاره‌كه كیرۆگرافی بۆ جوڵه و جه‌سته‌مان دانانێین، به‌ڵكو گۆرانیه‌كه له‌گه‌ڵ وتنه‌وه‌ی زۆری‌دا و كاری به‌رده‌وای رۆژانه و لابۆری، فۆڕمێكی تایبه‌تی جوڵه دروست ده‌بێت، ئه‌و ئه‌و فۆڕم و جوڵه‌یه‌یه كه رووداوێك دروست ده‌كات، چونكه ئێمه له پێشدا رووداوێكمان نیه تا بێین بۆ رووداوه‌كه گۆرانیه‌ك دانێین و به‌پێی ئه‌و گۆرانیه‌ش كۆرۆگرافی جه‌سته‌مان بكه‌ین، نه‌خێر.. بۆ ئێمه ده‌نگ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو شته‌كانه، ده‌نگ سه‌رچاوه‌ی كاری فیزیكاڵیه (جه‌سته‌یی)و به‌هۆی ئه‌وه‌شه رووداوه‌كان دروست ده‌بێت، به‌هۆی ئه‌و رووداوانه‌شه‌وه پێرفۆڕمانسێك دروست ده‌بێت.
لابۆری شانۆی لالش زۆر قسه له‌سه‌ر (ئه‌نه‌رژی) ده‌كات، من ده‌مه‌وێت لێره‌وه له تۆ بپرسم، تۆ وه‌ك نیگار ته‌نها له‌رێگه‌ی ده‌نگه‌وه ئه‌نه‌رژی له‌گه‌ڵ بینه‌ر په‌خش و ئاڵوگۆڕده‌كه‌ی، یان پشت به لایه‌نی فیزیكاڵیش ده‌به‌ستیت؟ هه‌روه‌ها چۆن ئه‌نه‌رژی ده‌نێریت و چۆن وه‌ریده‌گریته‌وه؟
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی: (ئه‌نه‌رژی) وزه شتێكه ئێمه ناتوانین پێناسه‌ی بكه‌ین، به‌ڵام وزه شتێكه دروست ئه‌بێت، یاخود شتێكه تۆ ئه‌یخوڵقێنیت به‌هۆی كۆمه‌ڵێ ره‌گه‌زی تایبه‌تییه‌وه، به‌هۆی ده‌نگ و جه‌سته‌وه و به‌هۆی خوڵقاندنی ئه‌تمۆسفێرێكی تایبه‌تی له‌پانتاییدا، به‌هۆی هاتنه ژوور و دانیشتنی بینه‌رانه‌وه، به‌هۆی رووناكیه‌وه، ئه‌مانه هه‌مووی كۆمه‌ڵێ ره‌گه‌زن كه ده‌توانی به‌هۆیانه‌وه وزه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌پانتایی و زه‌مه‌نندا بخوڵقێنی، چۆن دروست ده‌بێت ئه‌وه كاری تۆیه، به‌ڵام ناتوانی ده‌ستی لێبده‌یت، ناتوانی بیبینی، به‌ڵام هه‌ستی پێده‌كه‌یت، ده‌نگ ئه‌و وزه‌یه دروست ده‌كات، به‌ڵام به‌هه‌مان شێوه جه‌سته‌ش به‌شداره، چونكه ده‌نگ و جه‌سته یه‌كه‌یه‌كن و به‌هه‌ردووكیانه‌وه ئێمه ئه‌نه‌رژی له‌گه‌ڵ بینه‌راندا ده‌خوڵقێنین.
باشه با پرسیاره‌كه‌م به‌م جۆره بێت ئه‌مجاره، ته‌نها ئێوه وه‌ك پێرفۆرمێر ئه‌نه‌رژی په‌خش ده‌كه‌ن؟ یان له‌بینه‌ریش ئه‌نه‌رژی وه‌رده‌گرنه‌وه، چونكه ئه‌وه‌ی من تێبینیم كرد له‌م وۆرك شۆپه‌دا تۆ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌عات له جوڵه‌دابووی؟
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی: ره‌نگه وزه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌كاری جوڵه‌ییه‌وه نه‌بێت، ره‌نگه له بێده‌نگیه‌ك و راوه‌ستاوییه‌كی ساته‌وه‌ختیدا به‌هه‌مان شێوه تۆ بتوانی وزه دروست بكه‌یت، كه‌واته وزه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ست نیه به جوڵه‌وه، هه‌تا ئه‌مه كێشه‌یه له ئه‌وروپا، پێرفۆرمێره‌كان كه باسی ئه‌نه‌رژی له‌گه‌ڵ ئه‌كه‌یت له‌پانتاییدا، واده‌زانێ به‌هۆی جوڵه‌یه‌كی زۆر و راكه‌راك و بازدانه‌وه تۆ ئه‌و وزه‌یه ئه‌خوڵقێنی، نه‌خێر .. ره‌نگه زۆر جار تۆ به‌هۆی ئه‌وه‌وه وزه‌كه بكوژی، من ته‌ها له‌پێرفۆرمه‌كانی تره‌وه وزه وه‌رناگرم، هه‌روه‌ها من ته‌نها ئه‌نه‌رژی په‌خش ناكه‌م، به‌ڵكو وه‌ریشی ده‌گرمه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاڵوگۆڕه وزه‌ییه نه‌بێت له‌نێوان و من و بینه‌راندا، ئه‌و ئه‌تمۆسفێره‌ش دروست نابێت، پیچرفۆڕمانسه‌كه‌شم ئه‌كاریگه‌رییه دروست ناكات كه من ده‌مه‌وێت بیكات، به‌هۆی خوڵقاندنی ئه‌تمۆسفێرێكی تایبه‌ته‌وه من وا له‌بینه‌ر ده‌كه‌م ئه‌و ئه‌نه‌رژیه‌م بداته‌وه، نه‌ك بلۆكی بكات، نه‌ك بیوه‌ستێنێت، نه‌بێته دیوارێكی جێگیر و ئه‌نه‌رژیه‌كه‌ی من لێی بدات و نه‌یگه‌ڕێنێته‌وه، چونكه له‌و حاڵه‌ته‌دا من ده‌كه‌وم و وزه‌م به‌كۆتا ده‌گات، هه‌ر بۆیه ئێمه له‌بازنه‌دا كار ده‌كه‌ین، كه بینه‌ران به‌چوار ده‌وه‌رماندا داده‌نیشن بته‌وێی نه‌ته‌وێ به‌هۆی ئه‌و شێوه دانیشتنه‌وه ئه‌تمۆسفێرێكی تایبه‌ت ده‌خۆڵێت.. وزه به‌رده‌وام له‌ئاڵۆگۆڕدا ده‌بێت، نه‌ك ته‌نها له‌نێوان من وه‌ك پێرفۆرمێر و بینه‌ر به‌ڵكو له‌نێوان بینه‌ر و بینه‌ریشدا ئه‌و ئاڵوگۆڕه ده‌بێت، كه ئه‌مه‌ش كارێكی زۆر گرنگ ئێمه له لابۆری شانۆی لالش_دا ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، چونكه له‌شانۆی (عولبه) سنوقی تۆ بته‌وێ و نه‌ته‌وێ ئه‌نه‌رژییه‌كه ته‌نها به‌یه‌ك ئاڕاشته‌دا ده‌ڕوات، له‌ته‌خته‌ی شانۆوه بۆ شوێنی دانیشتنی بینه‌ران و ناگه‌ڕێته‌وه، هه‌ر بۆیه‌ش زۆر جار له‌و جۆره نمایشانه‌دا ریتم داده‌به‌زێت، هه‌روه‌ها وزه وه‌ك وزه‌ی مرۆیی ئه‌كته‌ر داده‌به‌زێت و ئه‌كته‌ر ده‌ڵێ ئه‌مڕۆ ساردبووم، بۆچی ئه‌مڕۆ ساردبووم، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ وزه‌یه‌ك ناگه‌ڕێته‌وه بۆی، تۆ بینه‌رت خستۆته ناو تاریكیه‌كی قوڵه‌وه، نازانی ئایا خه‌وی لێكه‌وتووه، به‌رده‌وامه له‌گه‌ڵتدا؟ یان پێده‌كه‌نێ له‌گه‌ڵتدا یان ده‌گری له‌گه‌ڵتدا؟ مۆچوڕك به‌له‌شیدا دێت یان نایه‌ت؟ ئاگات لێی نیه، تۆ دیوارێك هه‌یه له‌نێوانتاندا، تائێستاش باسی دیواری چواره‌م ده‌كه‌ین نازانین دیواری چواره‌م چیه، واده‌زانین په‌رده داخستن و په‌رده لابردنه، دیوار ئه‌و سنووره‌یه كه من له نێوان خۆم و بینه‌ردا دروستی ده‌كه‌م، بینه‌ر هه‌ست به‌بوونی من ناكات وه‌ك نیگار، وه‌كو مرۆڤێك، واده‌زانێ من شتێكی ده‌ره‌كیم، یان غه‌ریبم به‌و، هه‌تا ترسه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ده‌ستم لێبدات یان قسه‌م له‌گه‌ڵ بكات، له‌به‌رئه‌وه ئه‌و هه‌موو بلۆكاته یان ئه‌و هه‌موو به‌ربه‌سته كه دروست ده‌بێت وزه‌كه ده‌وه‌ستێنێت، به‌ڵام من زۆر جار سه‌رنجمداوه له بینه‌رانی لای خۆمان(بینه‌رانی نمایشه‌كانی لابۆری لالش) كه دوای چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك شێوه‌ی دانیشتنی ئه‌گۆڕێت، ئه‌گه‌ر پێی له‌سه‌ر پێی بێت له‌وانه پێی دابنێت، به‌مه هه‌سته‌كه‌م شتێكی تایبه‌ت دروست بووه، وزه‌یه‌ك هه‌یه‌و ئاڵوگۆڕ ده‌بێت له‌نێوان من و ئه‌وان، زۆرێك له بینه‌ران ده‌سته‌كانی ئه‌كاته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێ وزه دره‌كه و من ئه‌یگه‌ڕێنمه‌وه بۆت، من وزه‌كه ناشارمه‌وه، ئه‌و وزه‌یه به‌ناو جه‌سته‌ی ئه‌ودا تێده‌په‌ڕێت و یه‌دات له دواره‌كه و جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو ئه‌و بازنه‌یه‌ی كه دروستكراوه، له‌به‌رئه‌وه بابه‌تی ئه‌نه‌رژی زۆر زۆر گرنگه له كاره‌كانی ئێمه‌دا.
ئه‌و وزه‌یه‌ی كه ئێوه وه‌ك لابۆری شانۆی لالش باسی ده‌كه‌ن، ئایا هه‌مان ئه‌و وزه‌یه‌یه كه یۆژینیۆ باڕبا باسی ده‌كات یان جیاوازه؟ ئه‌گه‌ر جیاوازه له‌كوێدا جیاوازه؟
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی: ناتوانم بڵێم جیاوازه یان جیاواز نیه، چونكه باڕبا و هه‌ركه‌سێكی تر كه باسی ئه‌و وزه‌یه ده‌كات كه له ئه‌تمۆسفیرێكی تایبه‌تیه‌وه ده‌خوڵقێت، زۆر كه‌س باسی ده‌كات و زۆر كه‌س ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه له نمایشه‌كانی، به‌ڵام ئه‌و له چ سیاقێكدا ئه‌و وزه‌یه به‌كار دێنێ و له‌كوێدا گرنگه بۆی؟ ئایا ئه‌و وزه‌یه لای ئه‌و گرنگه بۆئه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر هه‌میشه وزه ببه‌خشێت و وه‌رگرێته‌وه، یاخود گرنگه بۆئه‌وه‌ی بینه‌ر به به‌رده‌وام ئاماده‌بێت و خه‌ونه‌یباته‌وه، واته هه‌ر ده‌رهێنه‌رێك یان گروپێك ئه‌و وزه‌یه له‌سیاقێكی تایبه‌تی خۆیدا به‌كاردێنێته‌وه، بۆیه من نامه‌وێت به‌رواردێك بكه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و وزه‌یه‌ی كه‌باڕبا باسی ده‌كات تا بڵێم وه‌ك ئه‌وه یان نا، ئه‌و ل کۆنتێکستێکداا به‌كاری دێنێ و من له‌سیقێكی تردا به‌كاری دێنم.
ئێوه مه‌شقه‌كانتان ده‌كه‌نه‌وه به نمایش، یان مه‌شقه‌كانتان ته‌نها مه‌شقی شانۆیین و ته‌واو؟
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی: ئێمه سێ قۆناغمان هه‌یه بۆ كاركردن، چونكه ئێمه لابۆرمان هه‌یه و جیاوازین له‌گه‌ڵ گروپێكی شانۆییدا كه به‌شێوازی لابۆری كار ناكات، جیاوازی لابۆر و گه‌ڕان و توێژینه‌وه له‌وه‌دایه كه تۆ به‌به‌رده‌وام كۆمه‌ڵێ ره‌گه‌ز و ته‌كنیكی ده‌نگی و جه‌سته‌یی هه‌یه كه ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌یت، ئه‌گه‌ڕێی به‌شوێنیدا و پێشیده‌خه‌یت، ئه‌مه‌ش نه‌ك به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی كه پێرفۆڕمانسێك بكه‌یت، نا.. به‌ڵكۆ بۆ په‌روه‌رده‌كردنی تۆیه وه‌ك پێرفۆرمێر، ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ك بابه‌تی لابۆریه لای ئێمه‌بێگۆمان تۆ بۆئه‌م گه‌ڕانه پێویستت به مه‌شق هه‌یه، مه‌شقه‌كانیش ده‌نگیه.. فیزیكاڵیه.. ئیشكردنه له‌گه‌ڵ ماتریاله‌كاندا، جا ئه‌و ماتریالانه داره.. به‌رده.. ئاوه ..هتد، پاشان ئیشكرنیشه له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا، ئیشكدرنه له‌گه‌ڵ گروپدا واتا پێكه‌وه‌یی، ئه‌مانه هه‌مووی ئیشی لابۆرین، پاشان ئه‌م مه‌شقه نابێته نمایشێك، نه‌خێره ئه‌م مه‌شقه ئاماده‌ت ده‌كات بۆ نمایشێك، جه‌سته و ده‌نگت ئاماده ده‌كات و خه‌یاڵت فراوان ده‌كات بۆئه‌وه‌ی بتوانی پێرفۆڕمانسێك ئاماده‌بكه‌یت، لای ئێمه راسته له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وه‌و پێش كۆنسێپَتێكی تایبه‌تمان نیه، یان دراماتۆرگێكمان نیه به‌و شێوه ته‌قلیدییه‌ی كه‌له شانۆدا باس ده‌كرێت، یاخود ده‌قێكمان نیه تابڵێین ئه‌م ده‌قه ده‌رده‌هێنین و ئێستا من مه‌شق ده‌كه‌م بۆئه‌وه‌ی ئاماده‌بم بۆ ته‌مسیلكردنی فیگوره‌كه‌م، نا.. ئه‌مانه هه‌مووی به‌یه‌كه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه له‌لابۆره‌كه‌ی ئێمه‌دا، مه‌شقه‌كان خۆئاماده‌كردنێكه بۆئه‌وه‌ی من بتوانم (ئه‌كسیۆن) دیمه‌نێ ئاماده‌بكه‌م، كه ئه‌و كسیۆنه له‌گه‌ڵ ئه‌كسیۆنێكی تردا پێرفۆڕمانسێكی گه‌وره دروست ده‌كات، ئێمه هه‌رگیز نازانین كه‌ی پێرفۆڕمانسێك له‌دایك ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاری لابۆره‌كه‌ی ئێمه له توێژینه‌وه و گه‌ڕانێكی به‌رده‌وامدایه، ره‌نگه له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا پێرفۆڕمانسێك بخوڵقێ, ره‌نگیشه له‌ماوه‌ی دوو ساڵدا ئێنجا ئه‌و پێرفۆڕمانسه ئاماده‌بێت.
لابۆری شانۆی لالش ده‌سه‌ڵات له‌نێوان ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ردا چۆن دابه‌ش ده‌كات، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌و هاوكێشه ته‌قلیدیه‌ی (ده‌ق+ ده‌رهێنه‌ر+ ئه‌كته‌ر+ بینه‌ر) چۆن تێك ده‌شكێنێت و كار له‌سه‌ر سیانه‌كه‌ی دیكه‌یان ده‌كات؟
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی: شه‌ماڵ له ساڵی ١٩٩٨ و ١٩٩٩ له‌سه‌رتای دامه‌زراندنی لابۆری شانۆی لالش_دا مانیفێستێكی كورتی نووسی، كه‌تیایدا كۆمه‌ڵێ چه‌مكی وه‌ك ده‌رهێنه‌ر و دیكۆریست و ئینارێست و نووسه‌ر و ئه‌كته‌ر و..هتد. كه تا ئێستاش ئه‌م چه‌مكانه باون له شانۆی جیهاندا، ره‌ت كرده‌وه، ئه‌مه شتێكه تایبه‌ت بۆ ئێمه‌یه، ئه‌مه فۆڕمێك نیه من بیسه‌پێنم به‌سه‌ر شانۆی كوردیدا یان شانۆی جیهاندا، نه‌خێر ئه‌مه پێشنیازێكه بۆ كاری من، ئێمه ده‌رهێنه‌رمان به‌و شێوه‌یه نیه كه‌ده‌یناسین، هه‌روه‌ها ئه‌كته‌ریشمان نیه به‌و شێوه‌یه‌ی كه ده‌یناسین، لای ئێمه شه‌ماڵ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كاری توێژینه‌وه و لابۆرییه‌كه ده‌بات به‌ڕێوه، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و ئه‌كسیۆنانه‌ی كه ئاماده‌ده‌بێت و ده‌كرێت كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مانه ببێته هۆی دروستبوونی پێرفۆڕمانسێك كه ستراكتورێكی ته‌واوی هه‌یه، هێڵێك هه‌یه ئه‌مانه كۆده‌كاته‌وه به‌یه‌كه‌وه له مه‌سه‌له‌ی ریتم و جوڵه‌ی جه‌سته‌یی و مه‌سه‌له‌ی پانتایی و ئه‌تمۆسفێره‌كه‌دا شه‌ماڵ ئه‌مانه ئه‌بات به‌ڕێوه و سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، ئه‌و ناوی خۆی نانێت ده‌رهێنه‌ر، وه‌كو چۆن منیش ناتوانم به‌خۆم بڵێم ئه‌كته‌ر، چونكه من ته‌مسیلی فیگورێك ناكه‌م كه له‌ده‌ره‌وه‌ی منه، كه نووسه‌رێك له‌وه‌وپێش نووسیویه‌تییه‌وه، زۆر كه‌س باسی ئه‌وه ده‌كات كه ئێمه ئیرتیجال ده‌كه‌ین، راسته ئێمه ئیرتیجال ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌و ئیرتیجاله‌ی ئێمه جیاوازه له‌و ئیرتیجاله‌ی كه له شانۆی باودا هه‌یه و ئێمه ده‌یناسین، نه‌خێر.. هه‌موو ئیرتیجاڵێكی ئێمه ده‌بێ قابیل به دووباره‌كردنه‌وه بێت، چونكه هه‌موو جارێك هه‌موو كاتێك ئه‌و كاره‌ی تۆ قابیل به‌وه‌یه كه به‌ته‌واوی ستراكتورێكی تایبه‌ت وه‌ربگرێت و ببێته پێرفۆڕمانسێك، له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت قابیل به‌وه‌بێت كه دووباره‌ی بكه‌یته‌وه، ئه‌بێ توانای ئه‌وه‌ت هه‌بێت دووباره‌ی بكه‌یته‌وه، شتێك نیه به‌سه‌رتدا تێپه‌ڕێت و ته‌واو بێت، له‌به‌رئه‌وه نه ئه‌كته‌ر و نه ده‌رهێنه‌ر به‌و شێوه‌یه لای ئێمه نیه كه ده‌یناسین، ئێمه ناویان ده‌نێین پێرفۆڕمێر و به‌نمایشه‌كانمان ده‌وڵێین پێرفۆڕمانس ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌ریش هه‌بێت به‌خۆی ده‌ڵێ چاودێرێكی هاوبه‌ش،كه‌سێكه كه‌چاودێری ده‌كات به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا هاوبه‌شه چونكه به‌شداری ده‌كات.
كاركردنتان له‌سه‌ر چه‌مكی ریتوال چۆنه؟ ئایا پێشتر به‌رنامه‌ڕێژی و پرۆڤه بۆ خوڵقاندنی ریتوال ده‌كه‌ن له پێرفۆڕمانسه‌كانتان.. یان له‌ساته‌وه‌ختی نمایش ئه‌و كه‌شه دروست ده‌بێت؟
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی: له‌به‌كارهێنانی چه‌مكی ریتوال له هونه‌ردا ده‌بێ تۆزێ وریا بی كه چۆنی به‌كار ده‌هێنیت، چونكه ریتوال شتێكه تۆ ناتوانی بیگوازیته‌وه و له‌سیقێكی هونه‌ریدا بڵێی من ریتوالێك نمایش ده‌كه‌م، چونكه ریتوال كه‌سی به‌شداری خۆی هه‌یه زه‌مه‌نی خۆی هه‌یه و پانتایی خۆی هه‌یه، بۆنمونه تۆ ناتوانی ئه‌و ریتوالانه‌ی كه له جه‌ژنێكی تایبه‌تیدا ده‌كرێن، بۆ بابڵێین له‌رۆژی هه‌ینیدا بێت یان له نه‌ورۆزدا بێت، هه‌موو رۆژێك ئه‌و ریتوالانه ئیجرا بكه‌یت، كه‌واته ناتوانی ریتوال بگوازیته‌وه وه‌ك خۆی، به‌ڵام ده‌توانی سوود له ڕه‌گه‌زه‌كانی ریتوال وه‌ربگری، ره‌گه‌زه‌كانی ریتوالیش پێك دێت له‌و ئه‌تمۆسفێره‌ی كه تیایدا سنوور له‌نێوان ریتوالیست و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ته‌ماشای ریتواله‌كه ده‌كه‌ن نامێنێت، چونكه به‌وان ناوترێ بینه‌ری ریتوال، به‌ڵكو ده‌وه‌ترێت به‌شداری بووی ریتوال، كه‌واته كۆمه‌ڵێك هه‌یه ریتواله‌كه به‌ڕێوه ده‌به‌ن، راسته هه‌ندێكیان زیاتر دیارن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ر هه‌موو به‌شدارن له ریتواله‌كه، ئه‌مه ره‌گه‌زێكه تۆ ده‌توانی به‌كاری بێنیت، به‌ڵام ناتوانی پێشتر به‌رنامه رێژی بۆبكه‌یت، چونكه تۆ نازانی چۆن ئه‌خوڵقێ، ته‌نها ده‌توانی سوود له ره‌گه‌رزه وه‌ربگریت له سیاقێكی هونه‌ریدا به‌كاری بێنیت، ئێمه‌ش وه‌ك لابۆری لالش ته‌نها سوودمان له ره‌گه‌زه‌كانی وه‌رگرتووه نه‌ك ریتوال وه‌ك خۆی بگوازینه‌وه.
بۆ گرنگی به وشه‌ی مانادار ناده‌ن؟ ئایا ده‌تانه‌وێ به‌هۆی فره ده‌لاله‌تی ده‌نگه‌وه قسه له‌سه‌ر كێشه گه‌ردوونی و شمولیه‌كان بكه‌ن؟ یان ته‌نها به‌دوای گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی ته‌كنیكی تازه‌ن له‌ناو میتۆدی ده‌نگیدا؟
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی: ئێمه كاتێك ده‌ستمان كرد به‌وه‌ی كه زۆر به موره‌كه‌زی ئیش له‌سه‌ر ده‌نگ بكه‌ین، بێگومان ئه‌وپرسیارەش لەلامان دروست بوو کە ئایا چ زمانێك به‌كار بێنین بۆ ئه‌و ده‌نگه، تۆ وه‌كو كرد كوردی به‌كار دێنی ئه‌ڵمانیه‌ك ئه‌ڵمانی ..هتد، ئه‌مه ده‌بێته هنۆی فره زمانی له پێرفۆڕمانسێكدا، هه‌ركه‌سه‌و به زمانی دایكی خۆی قسه ده‌كات، پێرفۆڕمانسیشمان هه‌بووه به‌و شێوه‌یه بووه، بۆنمونه سانسان كه‌له‌گه‌ڵمدا ئیشی كردووه كه به‌ڕه‌چه‌ڵك چینیه گۆرانی وتووه به‌چینی، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی 2005ه‌وه هه‌ستمان كرد كاره‌كانمان به‌ره‌و ئه‌و رێگایه ده‌ڕوات كه زمانێكی نازمانی به‌كار بێنین، ره‌نگه لای من وه‌ك نیگار .. من ناتوانم ئه‌مه گشتگیر بكه‌م.. ئه‌م زمانه بۆ من زمانێكی به‌رفراوانتره، زمانێكه كه ئێمه‌ی مرۆڤ سه‌ر به هه‌ر چ كو‌لتورێك بین و هه‌ر باكگراوندێكی دینی و كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی و مێژوویی و جوگرافیمان هه‌بێت، ئه‌و نازمانییه جارێكی تر كۆمان ده‌كاته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر من به‌زمانی كوردی قسه‌م كرد و بینه‌ره‌كه‌م له زمانه كوردیه‌كه تێنه‌گه‌یشت، كه‌واته من سنوورێكم بۆخۆم دانا، ئه‌و شته‌ی من ده‌مه‌وێت بیڵێم ناگات، له‌به‌روئه ئه‌و زمانه دروست بوو، ئه‌و زمانه نازمانیه‌ش له‌خۆوه دروست نه‌بووه.. به‌رنامه‌ڕێژیشمان بۆ نه‌كردوه، به‌هه‌مان شێوه ئه‌ویش له‌و كاره لابۆری و توێژینه‌وه به‌رده‌وامه ئه‌و نازمانییه خۆی خوڵقا، كه خوڵقا ئێمه په‌روه‌رده‌مان كرد و پێشمانخست، من ناتوانم ئه‌گه‌ر ئێستا له‌گه‌ڵ تۆدا كاربكه‌م پێت بڵێم زمانێكی نازمانی دروست بكه، چونكه كارێكی هه‌روا ئاسان نیه.. له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك تۆ زمانێكی نازمانی دروست ده‌كه‌یت، ره‌نگه بۆ من ئاسانتر بێت، چونكه من له چه‌ندین وڵاتی جیاواز جیاواز كاره‌كانم پێشكه‌ش كردووه، كه ده‌چم له وڵاتانه پێرفۆڕمانسه‌كانمان پێشكه‌ش ده‌كه‌م یان وۆرك شۆپ ده‌كه‌م.. من رۆژانه گوێ له‌خه‌ڵك ده‌گرم له‌سه‌ر جارده كه چۆن قسه‌ده‌كات، من تێناگه‌م كاتێ ئه‌و به ئۆكرانی قسه‌ده‌كات، به‌ڵام شتێك هه‌یه من وه‌ریده‌گرم، تۆنێك هه‌یه ئیقاعێك هه‌یه له ده‌نگیدا من وه‌ریده‌گرم، له‌خیلالی ئه‌م گوێگرتنه‌وه شتێكی تایبه‌ت لای من دروست ده‌بێت، له‌گه‌ڵ زمان و كلتوری خۆم، له‌زۆربه‌ی زۆری ئه‌و گۆرانیانه‌ی كه زمانی تیانیه شتێكی تیا ئه‌دۆزیته‌وه كه هه‌سته‌كه‌ی ئه‌مه كوردیه، له پۆڵۆنیا ده‌ڵێن نا ئه‌مه پۆڵۆنیه، یابانیه‌ك ده‌ڵێ یابانیه، هی كه‌سیشیان نیه و هی هه‌مووشیانه، بۆمن ئه‌مه گرنگه، له‌مه‌یا جارێكی تر ئێمه وه‌كو بینه‌ر هه‌موومان كۆده‌بینه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی بینه‌ره‌كه‌ی ئێمه‌ش زۆر نێو نه‌ته‌وه‌ییه و سه‌ر به‌كولتوری جیاجیایه، ئه‌م زمانه نازمانییه زیاتر له خزمه‌تی ئیشه‌كانماندایه، به‌ڵام ئێمه ئه‌وه‌مان له‌به‌رئه‌وه نه‌ركدووه كه بینه‌ركه‌مان لێمان تێناگه‌ن، چونكه ته‌كنیكی دیكه هه‌یه بۆئه‌وه‌ی بینه‌ر لێمان تێبگات، ئێستا له ئه‌وروپا كاتێك ڤستیڤاڵێك ده‌كرێت بۆنموونه نمایشێكی ئه‌ڵمانی هه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی ڤیستیڤاڵه بۆئه‌وه‌ی بینه‌ر تێبگات دێن تایتڵی ئینگلیزی ده‌خه‌نه سه‌ر، كه‌واته چاره‌سه‌ر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر لێم تێبگات، به‌ڵام من مه‌به‌ستم ئه‌وه نیه كه‌له زمانم تێبگه‌ن، من ئه‌مه‌وێت له هه‌سته‌كانم تێبگه‌ن، چونكه ئه‌و گۆرانیانه‌ی من ده‌یڵێم مانای تیانیه وه‌ك فیكر، ماناكه‌ی له دهربڕینهكهیدایه، له‌شێوازی وتن و تهكنیكهكهیدایه، بۆیه هه‌موو جاری من ئه‌و قسه‌یه دووباره ده‌كه‌مه‌وه "گرنگ نیه چی ده‌ڵێم،به‌ڵكو گرنگه ئه‌وه چۆن ده‌یڵێم"، ئه‌وكاته هه‌ستی بینه‌ر ده‌وروژێنێ و كاریگهریهكهیشی زیاتره.
ئایا لابۆری شانۆی لالش فۆڕمێكی دیاریكراوی پێیه تا پێمان بڵێ ده‌نگ به‌م جۆره به‌كار دێت؟ یان ده‌تانه‌وێ بڵێن ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یكه‌ین به‌ره‌نجامی گه‌ڕان و توێژینه‌وه و خه‌ون و هه‌وڵه‌كانی چه‌ندین ساڵی ئێمه‌یه؟
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی: ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یكه‌ین به‌ره‌نجامی شێوازی كاركردنی خۆمانه، شاره‌زایی و ئه‌زموونی شانۆیی خۆمانه، ئه‌وه گه‌ڕان و توێژینه‌وه و كاری لابۆری خۆمانه، به‌ڵام من ده‌توانم كۆمه‌ڵێ مه‌شق بخه‌مه روو له وۆرك شۆپێكی وه‌كو ئێستادا، كه‌یارمه‌تی كه‌سانێك بده‌م بۆئه‌وه‌ی ده‌نگیان په‌روه‌رده‌بكه‌ن، مه‌رجیش نیه ته‌نها له‌و نمایشانه به‌كاری بێنن كه‌له‌سه‌ر ده‌نگ كارده‌كات، ره‌نگه سوودی هه‌بێت بۆ ئه‌كته‌رێك كه له‌سه‌ر دیالۆگ كار ده‌كات، تائێستاش ئێمه دیالۆگ ته‌نها ده‌رده‌په‌ڕێنین، واده‌زانین شانۆ واتا وتن و گۆڕینه‌وه‌ی دیالۆگ له‌نێوان دوو ئهكتهردا، نه‌خێر.. شانۆ زۆر له‌وه گه‌وره‌تر و زۆر له‌وه قوڵتره، زۆر له‌وه‌ش زه‌حمه‌تتره من ته‌نها دیالۆگی ده‌په‌ڕێنم له ده‌مم، تائێستاش نازانین چۆن له‌سه‌ر شانۆ قسه ده‌كه‌ین، چونكه ره‌نگه ته‌نها شێوازی وتنهكه نه‌ك مانای رسته‌كه كاریگه‌ری ده‌روونی و فیزیكاڵی له‌سه‌ر فیگورهكهی به‌رامبه‌رم هه‌بێت، به‌ڵام ئێمه هه‌میشه هه‌وڵه‌ده‌ین له‌خیلالی مانای رستهكهوه شته‌كه بڵێین، بۆنموونه وه‌ره بۆ ئێره، ئه‌م بانگكردنه له مانای وشهكهوهیه_وه‌ره_ نه‌ك له‌مانی تۆنی _وه‌ره_وه یان شێوازی وتنی _وه‌ره_وه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌رێك تۆزێك وریا بێت ده‌توانێ سوود له‌و مه‌شقانه‌ی ئێمه وه‌رگرێت بۆ ئیشی حیواریش.
ئایا ته‌نها سوودت له ته‌كنیكی مه‌قاماتی هه‌ورامی وه‌رگرتووه بۆ ئیجراكردنی ئه‌و ده‌نگانه؟ چونكه ئه‌وه‌ی من بینیم له‌و چه‌ند ئهكسیۆنهی (بێ سێبه‌ر) زیاتر نزیك بوونه‌وه بوو له (هۆره و سیاچه‌مانه)؟
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی: من هه‌میشه وتومه ده‌بێ سه‌رچاوه‌ت هه‌بێت بۆ هه‌موو شتێك، سه‌رچاوه‌ی منیش كولتوری خۆمه، ره‌نگه به‌بێ ئاگایی منیش ئه‌و كولتوره له سروشتی مندایه، له‌جه‌سته و لهدهنگمدایه، به‌ڵام چۆنی په‌روه‌رده ئه‌كه‌م و چۆن به‌كاری ده‌هێنم له هونه‌ردا، من خۆم سه‌رسامم به شێوازی وتن و ئیجراكردنی مه‌قاماتی هه‌ورامی، ئه‌مه فاكته‌رێكی بنه‌ڕه‌تیه كه من بۆ وا ئیش ده‌كه‌م، دوای ئه‌وه‌ش ئه‌و جۆره مه‌قام و ئه‌و تهكنیكانه مه‌جالی ته‌عبیری زۆر زۆری تێدایه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌كنیكێكی ساده نیه، ئه‌و شه‌پۆله ده‌نگیه‌ی كه دروست ده‌بێت له‌پانتاییدا له ته‌كنیكی مه‌قاماتی هه‌ورامیدا به‌هێزتره وه‌ك له ته‌كنیكی ئۆپێرایه‌كی رۆژئاوایی‌دا، له‌به‌رئه‌وه گرنگی دانی من به‌و تهكنیكانه له‌وه‌وه هاتووه كه من كولتوری خۆمه و ئه‌یناسم، له‌پێشتردا نه‌متوانیه ئیجرای بكه‌م، به‌ڵام به‌هۆی هه‌وڵ و گه‌ڕانی خۆمه‌وه توانیم فێری بم، ئه‌و ته‌كنیكه ده‌نگیانه ته‌كنیكی جه‌سته‌یی تایبه‌تیشت ده‌داتی، تۆناتوانی له راوه‌ستانێكی ئاسایی رۆژانه‌دا ئه‌و ئیجرایه بكه‌یت، راسته كه هه‌ورامیه‌ك كاتێك هۆره ئه‌كات زۆر ئاسایی داده‌نیشێت و به ته‌زبیحه‌كه‌ی یاری ده‌كات، چونكه ئه‌و له چوار ساڵیه‌وه گۆێی ئاشنایه به‌و مه‌قامه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا په‌روه‌رده‌بووه، به‌ڵام من ئه‌وه ناكه‌م چۆن ئه‌یهێنم له شانۆدا جاریكی تر به‌كاری دێنم، من ته‌كنیكی یابانی و چینیش به‌كار دێنم، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵك زۆر ئاشنانیه به‌و تهكنیكانه ره‌نگه نه‌یناسێته‌وه، به‌ڵام من ده‌زانم كاریگه‌ری ئه‌وانم به‌سه‌ره‌وه‌یه، هه‌تا كاریگه‌ری ته‌كنیكی (یۆدڵ)ی نهمسایشم به‌سه‌ره‌وه‌یه.
شوێن چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر كاره‌كانی ئێوه هه‌یه؟ ئایا شوێن توانای گۆڕینی (كوریوگرافیا)و ده‌نگی هه‌یه؟ با زیاتر روونی بكه‌مه‌وه، ئێوه چه‌ندین جار و له چه‌ندین وڵاتی جیاواز و شوێنی جیاواز پێرفۆڕمانسی (بێ سێبه‌رتان) پێكه‌شكرد، ئایا هه‌موو پێرفۆڕمانسهكان له‌یه‌ك ده‌چوون؟
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی: هه‌موو نمایشه‌كان له‌یه‌ك نا چون و هه‌موشیان له‌یه‌ك ده‌چوون، له‌یه‌ك ده‌چن چونكه كۆنسێپتێكی تایبه‌تی هه‌یه یاخود ستراكتورێكی تایبه‌تی هه‌یه، گۆرانیهكان كه ئه‌وان خۆیان كیرۆگرافی جه‌ست ئه‌كه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه رووداوه‌كه دروست ده‌بێت و ماتریالی خۆی داوا ده‌كات، ئه‌مانه جێگیرن و ناتوانم بڵێم له پێرفۆڕمانسیچكدا له‌جیاتی ئه‌وه‌ی شه‌ماڵ به‌ئارد فیگوره‌كان دروست بكات شه‌كر به‌كار بێنێت، به‌ڵام به‌هۆی گۆڕینی پانتاییهكهوه كاره‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، ئه‌و گۆڕانه‌ش دروستكراو نیه، من زۆر له‌خۆم ناكه‌م تا ئه‌و گۆڕانه دروست بێت، به‌ڵام تایبهتدمهندییهك هه‌یه له‌و پانتاییانه‌ی كه ئێمه بێسێبهرمان لێی نمایش كردووه، كه خۆی داوای گۆڕان ده‌كات، كه‌ئه‌و گۆڕانانه ره‌نگه زۆر كه‌م بن، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه بۆسه‌ر سیتقی پێرفۆڕمانسهكه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، بۆنمونه له پۆڵۆنیا له (بژیژینكا) له ڤیستیڤاڵی ساڵی گرۆتۆڤسكی، له‌و هۆڵه‌ی كه گرۆتۆڤسكی له ساڵی حه‌فتاكان وه‌كو موخته‌به‌ر ئیشی تیای كردووه كه‌له‌وێ نمایشمان كرد، پێش ئه‌وه‌ی بچیته ناو هۆڵه گه‌وره‌كه‌وه هۆڵێكی بچووك هه‌بوو، ئه‌و هۆڵه بچوكه ئه‌تمۆسفێرێكی وای هه‌بوو كه دوارهكانی خشت بوون و رهناكیهكی جوان و كورسیه‌كی ساده دانرابوو، حاڵه‌تێكی وای درووست كرد كه بووه هۆی ئه‌وی ئه‌كسیۆنێكی تازه بخوڵقێنێ، ئێمه‌ش له‌به‌رئه‌وی به‌به‌رده‌وام ئیش ده‌كه‌ین هه‌میشه گۆرانی هه‌یه له‌لامان، ئه‌و گۆررانیهش ره‌نگه له پێرفۆڕمانسێكدا به‌كار بهێنرێت یان به‌كار نه‌هێنرێت، به‌ڵام ئیچمه له‌بیری ناكه‌ین و فه‌رامۆشی بكه‌ین، نا .. له كهشیكی وادا یان له حاڵ تێكی وادا ده‌ڵێین ئه‌و گۆرانیه، ئه‌كری ببێته ئهكسیۆنێك لێره، كه‌واته ئێمه زۆر له‌خۆمان ناكه‌ین بڵێن هه‌رده‌بێ لێره‌وه ده‌ست پێبكه‌ین و لێره‌ش كۆتایی پێ بێنین، بۆنموونه په‌نجه‌ره‌كی زۆر هه‌بوو له هۆڵه‌كه‌دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ناو دارستانێكی چڕیشدایه نه‌ده‌نگی سه‌یاره‌ی به‌سه‌ره‌وه‌یه نه‌ماڵ و خانوی لێ نزیكه، ئه‌و شوێنه كاتی خۆی ئاش بووه، له‌وێ ته‌نها گوێ بیستی سروشت ده‌بیت، زۆربه‌ی زۆری ئه‌و گروپانه‌ی ده‌هاتن له هۆڵه نمایشیان ده‌كرد په‌نجه‌ره‌كانیان داده‌خست، له‌به‌رئه‌وه‌ی رووناكی به‌كار بهێنن، بۆئێمه گرنگ بوو په‌نجه‌ره‌كان بكه‌ینه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌عات هه‌شت نمایشه‌كه ده‌ستی پێده‌كرد هێشتا دنیا رووناك بوو، كه بینه‌ر ئه‌هاته ژووره‌وه هێشتا دره‌خته‌كانی ده‌بینی، ده‌یبینی ورده ورده دنیا چۆن زه‌رد ده‌بێت، به‌وه‌ش ئه‌تمۆسفێرێكی تایبه‌تی خوڵقا بۆ نمایشه‌كه، كه جیاوازبوو له‌وه‌ی كه من له ڤیه‌ننا پێشكه‌شم كرد چونكه په‌نجه‌ره‌ی تیا نه‌بوو.
ئێوه لهنمایشهكانتاندا له‌بری نمایش چه‌مكی پێرفۆڕمانس به‌كار دێنن و له‌بری ئه‌كته‌ریش چه‌مكی پێۆفۆڕمێر به‌كار دێنن، ئه‌م چه‌مكانه له‌كوێدا جیاوازن و له‌كوێدا له‌یه‌ك ده‌چن؟ زه‌روره‌تی ئه‌م چه‌مكانه له شانۆدا چین؟
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی: چه‌مكی پێرفۆڕمانس له‌شانۆی ئه‌روپیدا له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه زیاتر ته‌ئكیدی كرایه سه‌ر، كه ئه‌ویش یه‌كه‌م جار له (پێرفۆڕمانس ئاڕت) واته له هونه‌ری پێرفۆڕمانسیهوه هات، ئه‌م چه‌مكه‌ش ناتوانین بڵێین چه‌مكێكی شانۆییه، ناشتوانین بڵێین چه‌مكێكی شێوه‌كاریه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مكه كاریان كرد سوودیان له هه‌ردوو ره‌گه‌زی شانۆیی و شێوه‌كاری وه‌رگرت، شێوازێكی تازه‌یان خوڵقاند كه پێیانوت هونه‌ری پێرفۆڕمانس، له‌لای ئه‌مانه ته‌نها ئاماده‌بوونی نمایشكاره‌كه گرنگ بوو نه‌ك فیگور و ده‌ق و ده‌رهێنان، بۆنموونه كاتێك پێرفۆڕمێرێك ده‌یه‌ویست كه گوێزانێك له‌خۆی ئه‌دات، ئه‌و نایه‌ت ئه‌مه‌ت بهتهمسیل پێ‌نیشان بدات، به‌ڵكو ئه‌و به‌ڕاستی گوێزانه‌كه له‌خۆی ئه‌دات، من ناڵێم ئه‌مه ئه‌بێت ببێت به باو و شانۆ وایلێبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌مسیل نه‌كه‌ی ده‌بێ ئازاری خۆمان بده‌ین، نا.. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه ستایلی تایبه‌تی كۆمه‌ڵێ هونه‌رمه‌ند بوو، به‌ڵام دواتر له حه‌فتاكانه‌وه شانۆی ئه‌وروپی وازی لە چه‌مكی نمایش وه‌ك نمایش هێنا و چه‌مكی پێرفۆڕمانسیان به‌كار هێنا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌گه‌زه‌كانی شانۆی ئه‌وروپی پێشكه‌وت، له پانتاییدا و له به‌كار هێنانی رووناكی و ئیكسسوار و هتد. ئه‌م ره‌گه‌زانه گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، له‌به‌رئه‌وه كۆمه‌ڵێ چه‌مكیش هه‌بوو ده‌بوایه گۆڕانی به‌سه‌ردا بهاتایه، من خۆم ره‌خنه‌م زۆر هه‌یه له‌به‌كارهێنانی ئه‌و چه‌مكه له رۆژئاوادا، له‌به‌رئه‌وه‌ی من ده‌توانم بڵێم گرۆتۆڤسكی پێرفۆڕمانس ئه‌كات و پۆژینیۆ باڕبا پێرفۆڕمانس ئه‌كات، هه‌تا ئه‌بێ گومانت له پێرفۆڕمانسی پیته‌ر بروكیش هه‌بێت، به‌ڵام ناتوانم گروپێك كه هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ر و دیكۆریست و ئیناریست و هتد .. وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه و ناویشی لێده‌نێت پێرفۆڕمانس من بهپێرفۆڕمانسی ناو به‌رم، چونكه تۆ ناتوانی ئه‌م چه‌مكانه له‌گه‌ڵ پێرفۆڕمانسدا كۆبكه‌یته‌وه، به‌كارهێنانی ئه‌و چه‌مكه تۆزێك بووه به‌مۆدێل له ئه‌وروپا، كاری پێرفۆڕمانسی كارێكی كۆمه‌كییه، ناتوانی له پێرفۆڕمانسدا كاره‌كان لێ جیا بكه‌یته‌وه و بڵێی ئه‌وه كاری ده‌رهێنه‌ره و ئه‌وه كاری ئه‌كته‌ره، یان ئه‌وه كه‌سی ده‌رهێنه‌ره و ئه‌وه كه‌سی ئه‌كته‌ره، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیشه‌كان هه‌مووی به‌یه‌كه‌وه ده‌ڕوات به‌ڕێوه، كه‌سه‌كان خۆیان جل و به‌رگ و پانتایی و هه‌موو شته‌كان ئاماده ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌مان هه‌مووی جیا كرده‌وه، ناتوانین ناوی لێ بنێین پێرفۆڕمانس، بۆیه چه‌مكی پێرفۆڕمانس تۆزێ گیروگرفتی تێكه‌وتووه له ئه‌وروپا، ره‌خنه‌ی زۆریش هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وانه، هه‌تا له‌ناو كوردیشدا هه‌ندێ كه‌س هه‌یه ده‌ڵێ بۆچی ناوی نانێن نمایشی شانۆیی نمایش واتا پێرفۆڕمانس، نا نمایش و پێرفۆڕمانس دوو شتی زۆر جیاوازن، جیاوازن له چۆنیه‌تی كاركردندا، له‌به‌رئه‌وه من ناتوانم به ئیشه‌كانی خۆمان بڵێم نمایش چونكه زۆر جیاواز له نمایشێك ده‌ڕوات به‌ڕێوه.
من لێره‌وه دێمه سه‌ر سه‌فه‌ری ئه‌مجاره‌ت، وابزانم نزیكه‌ی ده ساڵه نه‌هاتوویته‌وه، ده‌پرسم له‌م سه‌فه‌رتاندا بۆ كوردستان چ پڕۆژه‌یه‌كتان هه‌یه و پڕۆژه‌كان له‌كوێن؟
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی: من نۆ ساڵه نه‌گه‌ڕاومه‌ته‌وه، له‌ساڵی ٢٠٠٠ و ٢٠٠١ گه‌ڕامه‌وه و وۆرك شۆپم له هه‌لێر و سالێمانی كرد، ئه‌مجاره‌ش به ۆرك شۆپێك له هه‌ولێر ده‌ستم پێكردووه و دواتریش سلێمانی، له هه‌ردوو شاره‌كه‌ش پێشانگایه‌كی فۆتۆگرافی ده‌كه‌مه‌وه كه تیایدا نزیكه‌ی ٥٠٠ فۆتۆی كاره‌كانی لابۆری شانۆی لالش له‌م هه‌شت نۆ ساڵی دوایدا نمایش ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها فیلمێكی نیو سه‌عاتیش پیشان ئه‌ده‌م كه تایبه‌ته به‌و مه‌شقه ده‌نگی و جه‌سته‌ییانه‌ی كه له‌گه‌ڵ گروپێكی قوتابی و هونه‌رمه‌ندانی وڵاتی ئۆكرانیا ساڵی ٢٠٠٨ به‌ڕێوه چووه، ئه‌وه‌ش به‌شێكه له پێشانگاكە، جگه له‌مانه‌ش ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین چه‌ند جارێكی تریش چه‌ند وۆرك شۆپێكی تر له شاره‌كانی تریش بكه‌ینه‌وه بۆئه‌وه‌ی گروپێك دروست بكه‌ین، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه هه‌ڵده‌بژێرین كه ده‌توانن به‌پێی میتۆدی لابۆری شانۆی لالش ئیشمان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، كه‌بتوانین بۆ سێ هه‌فته بۆ ڤیه‌ننا داوه‌تیان بكه‌ین، له‌ویش له لابۆره‌كه‌ی خۆمان به چڕ‌و پڕی تر ئیشیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی بتوانین چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی پاشەڕۆژی پێكبێنین، بێگومان بۆئه‌مه‌ش پێویستمان به یارمه‌تی هه‌موو لایه‌ك ده‌بێت، وه‌كو لایه‌نی مادی دابینكردنی هۆڵ و هتد، با وۆرك شۆپه‌كه‌ی سلێمانیشم ته‌واو بێت، چونكه ئێمه ساڵانه هه‌موو هاوینێك له لابۆره‌كه‌ی خۆمان شتێكمان هه‌یه پێی ده‌ڵێین لابۆری كراوه، هه‌روه‌ها وۆرك شۆپ ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ گروپ و كه‌سانی وڵاتی جیاواز جیاواز، ئه‌مانه‌وێت له‌مه‌ودوا هه‌موو ساڵێك له كوردستانیش ٤ تا ٦ كه‌س له‌و گه‌نجانه‌ی كه ئه‌م شێوازی ئیشكردنه به پڕۆسه‌یه‌ك بۆ ئیشی خۆیان دائه‌نین هه‌ڵیانبژێرین هه‌ڵیانبژێرین و بیان به‌ین بۆئه‌وێ ئیشیان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، ئه‌و كاته ده‌زانین ئایا ده‌توانین پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌تر دروستبكه‌ین و بێن له كوردستان نمایشی بكه‌ین یاخود له ڤیستیڤاڵه نێو نهتهوهییكانه كه خۆمان به‌شدار ئه‌بین.
من ته‌واو بووم ئه‌گه‌ر تۆ قسه‌یه‌كی دیكه‌ت هه‌یه بۆ وتن فه‌رموو.
د.نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی/ سوپاس