لابۆری شانۆی لالش له کوردستان
دکتۆر نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی
به چه‌ند پرۆژه‌یه‌کی هونه‌رییه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کوردستان
لەسه‌ر بانگهێشتی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی کوردستان هونه‌رمه‌ندی شانۆکاری کورد دکتۆر نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی بۆ به ئه‌نجامگه‌یاندنی چه‌ند پرۆژه‌یه‌کی هونه‌ریی له نه‌مساوه بۆ کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌م پرۆژه هونه‌رییانه‌ش به هاریکاری ده‌زگای گشتی ڕۆشنبیری شاری هه‌ولێر و سلێمانی له (کۆتایی مانگی چواره‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی مانگی پێنجی 2010) به‌ڕێوه ده‌چن و ئه‌مانه‌ش سه‌رجه‌می پرۆگرامه هونه‌رییه‌کانن
ده‌نگ وه‌کو سه‌رچاوە
هونه‌رمه‌ند نیگار حه‌سیب چه‌ند ۆرک شۆپێک له‌سه‌ر شێوه‌ی تایبه‌تی لابۆری شانۆی لالش بۆ مه‌شق و ڕاهێنانی ده‌نگی و جه‌سته‌یی له ژێر میتۆدی "ده‌نگ وه‌کو سه‌رچاوه" به‌ڕێوه ده‌بات که به‌رئه‌نجامی چه‌نده‌ها ساڵ ئه‌زموون و کارکردنی پراکتیکی و لابۆریی هه‌ردوو ئه‌زموونکاری شانۆ (نیگار حه‌سیب و شه‌ماڵ عمر)ی هونه‌رمه‌ندن. له شاری هه‌ولێر له ڕۆژی 27 تا 30 ی مانگی چوار و له شاری سلێمانی له ڕۆژی 4 تا 7 ی مانگی پێنج.
هه‌ر له‌م سه‌فه‌ره‌شدا ئه‌زموونه‌کانی لابۆری شانۆی لالش له نێوان ساڵی 2002 تا سه‌ره‌تای 2010 که له چه‌نده‌ها فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ شانۆ و موزیک و پێرفۆرمانس له ووڵاتانی جیهاندا نوومایشتکراون وه‌کو پێشانگایه‌کی فۆتۆگرافی شانۆیی که بریتین له نزیکه‌ی 500 وێنه به فۆرماتی گه‌وره پێشکه‌ش ده‌کات.
له‌ته‌ک ئه‌مانه‌شدا دوو فلیمی دانسقه نوومایشت ده‌کات که یه‌که‌میان بریتیه له هه‌ڵبژارده‌ی (ته‌کنیکی تایبه‌تمه‌ندیانه و داهێنه‌رانه‌ی نیگار حه‌سیب له خستنه‌کاری ده‌نگ و خوڵقاندنی ئه‌کسیۆنی ده‌نگی) له پرۆژه‌ی پێرفۆرمانسی لابۆری شانۆی لالشدا که له چه‌ند ووڵاتێکی جیاواز دۆکومێنت کراون، به تایبه‌تیش له لابۆره‌که‌ی گرۆتۆڤسکی له پۆڵۆنیا. دووه‌میشیان فلیمێکه له‌سه‌ر به‌شێکی شێوه‌ی ڕاهێنان و مه‌شقی ده‌نگی و جه‌سته‌یی لابۆری شانۆی لالش به ڕابه‌ری نیگار حه‌سیب و شه‌ماڵ عومه‌ر له‌ته‌ک به‌شدارانی نێونه‌ته‌وه‌یی که ئه‌میشیان دیسانه‌وه له چه‌ند ووڵاتێکی جیاواز پراکتیزه و دۆکومێنتکراون.
پرۆژه‌ی نێوان کوردستان و لابۆری شانۆی لالش له نه‌مسا
شایانی باسه لابۆری شانۆی لالش له ڤییه‌نای پایته‌ختی نه‌مسا وه‌کو سه‌نته‌رێکی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌زموونکاری و توێژینه‌وه‌ی پراکتیکی و تیۆری بواری شانۆ و پیرفۆرمانس که تایبه‌ته به هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی کورد نیگار حه‌سیب و شه‌ماڵ عومه‌ر، به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام و له به‌رنامه‌یه‌کی هونه‌ریی چڕدا له هاوینی هه‌موو ساڵێکدا (به‌تایبه‌تی مانگی حه‌وت و هه‌شت) بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک (لابۆری کراوه) و (ۆرک شۆپ و سیمیناری تایبه‌تی) سازده‌که‌ن و ساڵانه‌ش که‌سانێکی زۆر له ووڵاتانی جیهانه‌وه له بواره‌کانی شانۆ و پێرفۆرمانس و سه‌ما و موزیک‌دا، ئه‌وانه‌ی که گرنگیپێدانێکی ته‌واویان به کاری ده‌نگ هه‌یه، به‌شداری ئه‌م پێگه‌یشتنه نێونه‌ته‌وه‌ییه ده‌که‌ن.
هونه‌رمه‌ندان نیگار و شه‌ماڵ له مێژه له‌پلاندانانی ئه‌وه‌دان که لێره‌به‌دواوه هه‌موو ساڵێک ژماره‌یه‌ک له شانۆکارانی گه‌نج له کوردستانه‌وه له‌م پێگه‌یشتنه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌دا ئاماده‌ییان هه‌بێت و بتوانرێت به‌لایه‌نی که‌مه‌وه دوو هه‌فته‌ی چڕ‌وپڕ له لابۆری شانۆی لالش له ڤییه‌نا پایته‌ختی نه‌مسا له به‌رنامه‌یه‌کی پراکتیکی به پێی میتۆدی لابۆری شانۆی لالش له‌لایه‌ن نیگار و شه‌ماڵه‌وه کاریان له‌گه‌ڵدا بکرێت و جگه‌له‌مه‌ش چه‌ند پسپۆڕێکی تریش که کارگێڕ و دۆستی ئه‌م لابۆره‌ن و خاوه‌نی ئه‌زموونێکی درێژ و له‌به‌رچاون و پێگه‌یه‌کی تایبه‌تیان له شانۆی ئه‌مڕۆی جیهانیدا هه‌یه، له به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تیدا ئه‌وانیش به‌پێی میتۆدی جیاواز کار له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌نجانه‌دا بکه‌ن. جگه‌له‌مه‌ش به‌رنامه‌یه‌کی تری ئه‌م پێگه‌یشتنه بریتی ده‌بێت له پیشاندانی فلیمی دۆکومێنتی چه‌ند ئه‌زموونێکی دانسقه‌ی جیهانی و سازدانی دیالۆگی به‌رده‌وام به به‌شداری هونه‌رمه‌ندانی سه‌ر به کلتوره جیاوازه‌کانی جیهان. ئه‌م پێگه‌یشتنه نێونه‌ته‌وه‌ییه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بریتی نیه له نوومایشتکردنی شانۆ و سازدانی فیستیڤاڵ، به‌ڵکو پرۆسه‌یه‌کی تری زیندووه که‌له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاهێنان و مه‌شقی به‌رده‌وام و درێژی ڕۆژانه‌یی و فێربوون و سوودوه‌رگرتن و ئاڵوگۆڕی توانسته‌کان به‌ڕێوه‌ده‌چێت
له‌م سه‌ردانه‌ی ئێستای نیگار حه‌سیب قه‌رداغیه‌وه لابۆری شانۆی لالش هه‌وڵده‌دات که ساڵانه له کوردستان ئاماده‌گی هه‌بێت و له بواری ۆرک شۆپ و چالاکی و پێگه‌یشتنی تره‌وه خۆیان هونه‌رمه‌ندانی گه‌نج بۆ به‌شداری له‌م پرۆژه نێونه‌ته‌وه‌ییه هونه‌ر‌ییه‌ی لابۆری شانۆی لالش له ڤییه‌نا هه‌ڵبژێرن.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌م سه‌ردانه‌دا هونه‌رمه‌ند نیگار حه‌سیب خوازیاره ئه‌م پرۆژه‌یه بخاته به‌رچاوی داموده‌زگا ڕۆشنبیری و هونه‌ره‌یه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌رنامه‌ڕێژی پلانێکی هونه‌ریی ته‌واو و تۆکمه به‌مه‌به‌ستی هاریکاری و دابینکردنی پێداویستیه‌کان له نێوان لابۆری شانۆی لالش و کوردستاندا.
جگه له‌م پرۆژه‌یه‌ش ئه‌وا لابۆری شانۆی لالش به‌نیازه ساڵانه چه‌ند پرۆژه‌یه‌کی هاوبه‌شی تر له‌گه‌ڵ کوردستاندا به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت که له‌کاتی خۆیدا ئاگادارتان ده‌که‌ینه.
ۆرک شۆپه‌که‌ی هونه‌رمه‌ند نیگار حه‌سیب له شاری هه‌ولێر له ڕۆژی ٢٧ بۆ ٣٠ی مانگی چوار و کاتژمێر ٢ بۆ ٧ ی پاش نیوەڕۆ، هه‌روه‌ها پێشانگای فۆتۆگرافی شانۆیی و پیشاندانی فلیم له ڕۆژی ٢ ی مانگی پێنج سازده‌کرێن.
هه‌روه‌ها ۆرک شۆپه‌که‌ی شاری سێمانی له ڕۆژی ٤ تا ٧ ی مانگی پێنج و کاتژمێر ٢ بۆ ٧ ی پاش نیوەڕۆ، هه‌روه‌ها پێشانگای فۆتۆگرافی شانۆیی و پیشاندانی فلیم له ڕۆژی ٩ ی مانگی پێنج به‌ئه‌نجامده‌گات.
بەشی ڕاگەیاندنی لابۆری شانۆی لالش
مانگی چواری ٢٠١٠