وۆرك شۆپێك بۆ گفتوگۆی جەستە و پێشانگەیەك بۆ كاریگەریی تیشك

ڕاپۆرتی: لێزان یونس

  ئاكانیوز-  لە نێو زیاتر لە 500 وێنەی فۆتۆگرافیی جیاوازدا، چەندان دەموچاو دەبینران، ئەوان هەر یەكەیان خەڵكی وڵاتێك بوون، هەر یەكەیان بە زمانێك قسەیان دەكرد، لێ بەجووڵەی جەستە لە یەكتر تێدەگەشتن، یارییان لەگەڵ ڕووناكی دەكرد

ئەمە ناواخنی پێشانگە فۆتۆگرافییەكەی گرووپی لابوری شانۆی لالش بوو، كە لەلایەن نیگار حەسیب و شەماڵ عومەری هاوسەری لە ساڵی ١٩٩٨ لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا هاتۆتە دامەزراند
ئەم پێشانگەیە كە وێنەی فۆتۆگرافیی نمایشەكانی گرووپەكە بوون كە پێَشتر لە نێزیكەی ١٥ وڵاتدا هاتبوونە پێشاندان، دوای ئەو وۆرك شۆپە هات كە نیگار بۆ قوتابییانی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی ساز كردبوو، فێری كردبوون چۆن بە جەستە گفتوگۆ بكەن، كاریگەریی ڕووناكیان لەسەر هەبێت، بە زمانێك بئاخڤن كە بوونی نییە، ئەویش زمانی جەستەیە. دەریا یەكێك لەو قوتابییانەی بەشداریی وۆرك شۆپەكەی كرد، روونی كردەوە "سوودی زۆرم لەم وۆرك شۆپە بینی، فێری ئەوە بووم لە هەر جوڵانێكی سەر تەختەی شانۆ، دەنگێك بە گوێما بێت و گفتۆگۆی جەستەیی ئەنجام بدەم" .
نیگار حەسیب قەرەداخی دامەزرێنەری لابوری شانۆی لالش بۆ (ئاكانیوز) گوتی" گەڕانەوەم بۆ كوردستان چەندان پڕۆژەی لەگەڵدا بوو، وەك سازدانی وۆرك شۆپێك بۆ قوتابییانی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر و سلێمانی، لە هەولێر وۆرك شۆپەكەم ئەنجام دا و ماوەی ٤ ڕۆژی خایاند، ڕۆژی پێنجەمیش برێتی بوو لە پێشانگەیەكی فۆتۆگرافی بۆ هەموو ئەو شانۆییانەی لە فێستیڤاڵە نێونەتەوەییەكاندا پێشكێشمان كردوون لە زیاتر لە ١٤ وڵات"

ئەم پێشانگە فۆتۆگرافییە، نێزیكەی ٥٠٠ وێنەی پرۆژەكان و شانۆییەكانی ئەم گرووپەیە، كە بنكەكەی لە ڤیەنایە و لە چەندان وڵاتی تر نمایشیان ئەنجام داوە و بەشداری چەندان فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی بوون لە وڵاتانی (نەمسا، پۆلۆنیا، ئەڵمانیا، ئۆكرانیا، سویسرا، فرەنسا، كۆسۆڤۆ، یۆنان، ژاپۆن، میسر، تونس، بولغاریا، بۆسنیا) و لە زۆربەی ڤیستیڤاڵەكان ئەنجامی بەرچاویان هەبووە، "كە دواترینیان لە ساڵی ٢٠٠٩ نمایشی بێ سێبەر خەڵاتی باشترین پێشاندانی لە فێستیڤاڵێك بە ناوی (ساوەند ئۆف مێس )وەرگرتووە لە ساڕاییڤۆی بۆسنیا" نیگار وای گوت.

نیگار لەبارەی مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم وۆركشۆپەوە گوتی "بە گرینگم زانی تا بتوانین چەند گەنجێكی باش لە كچ و كوڕ لەم وۆرك شۆپانە بدۆزینەوە بۆ پڕۆژەكانی داهاتوومان بۆ فێستیڤاڵی نێونەتەوەییی ڤیەنا و بتوانین گەنجی كوردیش بگەیەنینە ئەو ئاستەی لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەییدا بەكاری پڕۆفیشناڵ و شانۆی بەرجەستەیی نمایش بكەن". هەر لە وۆرك شۆپەكە و پێشانگەكەدا فیلمێكی 32 خولەكی كە برێتی بوو لەو مەشق و ڕاهێنانە جەستەیییانەی كە میتۆد و داهێنانی نیگار و شەماڵی هاوسەری بوو لە ئۆكرانیا لە ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ قوتابییان و ئەكتەرانی گرووپەكە كرابوو هاتە پێشاندان .

ماجید نووریی ڕەخنەگری هونەری شێوەكاری و فۆتۆگرافی كە ئامادەی پێشانگە فۆتۆگرافییەكە بوو گوتی "نیگار یەكێكە لەو كاراكتەر و ئەكتەرە باشانەی كە لە هەشتاكان ڕۆڵێكی باشی هەبوو لە نوێكردنەوە و زیندووكردنەوەی شانۆی كوردی لە كوردستان بە گشتی و لە سلێمانی بە تایبەتی، یەكێك بوو لەو ئافرەتە بەتوانایانەی كە بە پەنجەی دەست دەهاتنە ژماردن". نووری لە درێژەی باسكردنی نیگاردا گوتی "ئەو بەبەردەوامی لەسەر تەختەی شانۆ بەداهێنان و بەرهەمی جوان ڕوو بەڕووی ئەو ستەم و زۆردارییانەی حكوومەتی ڕووخاو دەبووەوە، نیگار دوای ئەوەی چووەتە ئەوروپا هەمان نەفەس و هەمان تاقەت و هونەری لەگەڵ خۆیدا بردووە و بە داهێنانی گەورەوە هێناویەتەوە، كۆمەڵێك بەرهەمی جوانی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتەوە". گرووپی لالش توانیویەتی هەموو سنوورەكان ببڕێت و هەموو ئەو دیوارانەی كە مرۆڤەكان لە یەك جیا دەكاتەوە شكاندوویانە، ئەوان وەك مرۆڤ لە ئەكتەر و هونەرمەندان دەڕوانن، هەر هونەرمەندێك لۆكاڵییەت و كولتووری خۆی بە چەند جوڵانەوەیەكی جەستەیی دەربڕیوە، لە قاڵبێكی هونەری جواندا كاریان كردووە كە بە ئەزموونێكی تازە لە هونەری كوردیدا تێتە ئەژماردن"، ماجید نووری وای گوت . هەروەها روونی كردەوە "ئەكتەرەكان هەر یەكەیان لە دونیای خۆیانن و ئازادانە ئەكت دەكەن، ئازادانە هەستەكانیان لە ڕێی هونەرەوە دەرئەبڕن، تەنانەت ئەوان مەبەستیان نییە ئەو بینەرەی داشدەنیشێ بەدیاریانەوە هزرێك یان گوتارێكی نەتەوەییی لا دروست بێت، ئەوان تەنیا هەستی مرۆڤایەتی بە گشتی پێشان دەدەن".

هەژار محەمەد كەریم قوتابییە و ئامادەی پێشانگەكە، ئاماژەی بەوە كرد "وێنەكان هەمووی جوانن و هەموویان چەندان جوڵە و چەندان ئاماژەی تێدا بەرجەستە دەكرێت، وێنەكان جگە لە كوالێتیی بەرز دیمەنی جوانیان تێدایە، خەڵك دەباتە دنیایەكی تر و دەیانخاتە جوڵە و داهێنان، هیوادارم لە كوردستانیش گرووپێكی ئاوها دروست بكرێت بۆ ئەوەی خزمەتێكی بەرچاو بە مرۆڤایەتی بگەیەنن". جوان كەریمیش كە ئامادەێەكی تری پێشانگە و فیلمەكە بوو، پەسنی هەردوو كارەكەی كرد "فلیمەكە جوڵەی زۆر جوان و نامۆی تێدا بوو، دیار بوو ئەكتەرەكان لە یەكتر دەگەشیتن چونكە تەنیا جوڵانەوە ئاماژە و ئاراستەی یەكتریان دەكرد، هیوادارم نموونەی نیگار خان لە كوردستان زیاد بێت و ئێمەش دەرهێنەر و ئەكتەری جیهانیمان هەبێت".

نیگار حەسیب قەرەداخی دەرچووی بەشی نواندنی ئەكادیمیای بەغدایە- ساڵی ١٩٨٨ ، پاشان دواتر ماستەر و دكتۆرای لە بواری شانۆ لە ڤیەنای پایەتەختی نەمسا تەواو كردووە، هەروەها بەشی ئەترۆپۆلیشی لە نەمسا خوێندووە، ماوەی ٣ ساڵ مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی بووە لە ساڵی ١٩٨٨ تا ١٩٩٠، دامەزرێنەری گرووپی لابوری شانۆی لالشە لە ساڵی ١٩٩٨، ئێستاش دانیشتووی ڤیەنای پایەتەختی نەمسا