لابۆری شانۆی لالش: ده‌نگ وه‌كو سه‌رچاوه/بەشی یەکەم
نیهاد جامی
کەرکوک ٢٠١٠
گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ئه‌زموونی لابۆری شانۆی لالش ڕووبه‌رێكه بۆ گفتوگۆكردن له‌پڕۆژه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانی ئه‌و لابۆره شانۆییه له كوردستان نه‌بینراون، بۆیه ئه‌وه‌ی ئێمه ئاشنایه‌تیمان پێیه‌وه هه‌یه په‌یوه‌ندیی به ڕووبه‌ری نووسراوی نووسینه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ش وابه‌سته‌یه به‌و ووتاره ڕه‌خنه‌ییانه‌ی به‌زمانه جیاوازه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و لابۆره نووسراون، یا تێڕوانینی ئه‌زموونكاری شه‌ماڵ عومه‌ر ونیگار حه‌سیب قه‌ره‌داغی له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆ‌و نووسینه‌وه خستوویانه‌ته ڕوو، ئه‌وه‌ش ده‌روازه‌یه‌كی تیۆریی گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له‌و ئه‌زموونه.
به‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی نیگار حه‌سیب بۆ كوردستان، به‌تایبه‌ت له‌و وۆرك شۆپه‌ی كه بۆ ماوه‌ی چوار رۆژ بۆ كۆمه‌ڵه گه‌نجێكی شاری هه‌ولێر له رۆژانی 27-30/4/2010 له‌یه‌كێك له‌هۆڵه‌كانی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی هه‌ولێر ئاماده‌ی كرد كه به‌شێك له میتۆدی مه‌شقی لابۆری شانۆی لالشی تیا خسته ڕوو، ئه‌وه جگه له نمایشكردنی فلمێك كه مه‌شق بوو له‌گه‌ڵ شانۆكارانی ئۆكرانی، هه‌روه‌ها له‌ڕۆژی سێیه‌می مه‌شقه‌كان نیگار به نمایشكردنی چه‌ند ئه‌كسیۆنێكی پڕۆژه‌ی (بێ سێبه‌ر) ی نمایشكرد، بۆیه ئه‌و ووتاره‌ش به‌ره‌نجامی ئه‌و دۆخه‌یه كه نیگار هێنایه بوون، كه چیتر پڕۆژه‌ی لابۆری شانۆی لالش پڕۆژه‌ی نه‌بینراو نیه، به‌ڵكو ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ گفتوگۆی جدیتر وخوڵقاندنی ده‌یالۆگی كراوه له‌پێناو تێگه‌یشتن له ئاسۆ وڕوانینه‌كانی ئه‌و پڕۆژه ئه‌لته‌رناتیڤه، كه ترسی له‌نێوه‌ندی عه‌قڵه متبووه‌كه هێناوه‌ته كایه‌وه، ئه‌وه‌ش ترس نیه له پڕۆژه‌یه‌ك به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ترسه له‌و دۆخه‌ی كه چیتر نه‌توانن شانۆكار بوون بۆ كه‌سانێك ببێت به پیشه، به‌ڵكو ئه‌وه په‌یوه‌سته به‌عه‌قڵی ئه‌فڕێنه‌ر، ئه‌گه‌ر تا ئێستا هه‌ندێك ویستیان كاره‌كانی ئه‌م لابۆره به‌بیانووی نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو كوردستان به‌وه بده‌نه قه‌ڵه‌م كه ئه‌وه ئاست لاوازی ئه‌و لابۆره‌یه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كه سه‌ره‌تای ئه‌و په‌یوه‌ندیه درووست ئه‌بێت ئیدی هه‌موو ئه‌و قسانه ئه‌چنه ناو حیكایه‌تێكی به‌سه‌رچوو، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و حیكایه‌ته هه‌ر حیكایه‌تخوانه‌كان خۆیانی پێ دادگایی بكه‌ین ئه‌گه‌ینه ده‌ره‌نجامێكی كۆمیدی، چونكه هه‌ندێك جار قسه‌ی ئه‌وه ئه‌كه‌ن گوایه نۆزده ساڵه شه‌ماڵ عومه‌ر نه‌هاتۆته‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌وانه‌ی له‌و ماوه‌یه لێره بوونه چیان كردووه، ئه‌گه‌ر زنجیره ته‌له‌فزیۆنیه‌كانی مانگی ڕه‌مه‌زانیشیان بۆ حیساب بكه‌ین له‌گه‌ڵ كورته فلمه‌كانیش هێشتا به ده‌ره‌نجامی كۆمیدی لێی دێنه ده‌ره‌وە
مه‌شق و ئاماده‌كردنی مرۆڤ
راهێنان ومه‌شقه‌كان به‌شێك نین له نمایشی شانۆیی، ئه‌وه‌ش خاڵی ده‌سپێكه بۆ وه‌ستان وجیابوونه‌وه، مه‌شق پڕۆسه‌ی ئاماده‌كردنی مرۆڤه.. نه‌ك ئاماده‌كردنی ئه‌كته‌ر، ئاماده‌بوونی مرۆڤ پڕۆسه‌ی ئازادبوونی مرۆڤه له‌ته‌واوی ئه‌و كۆتانه‌ی كه كۆمه‌ڵگا گریمانی ده‌كات.
هه‌رچی ئاماده‌كردنی ئه‌كته‌ره پڕۆسه‌یه‌كه بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی ئه‌كته‌ر تا به‌پێی پێداویستی تێكست وده‌رهێنه‌ر سنووره‌كان ده‌ست نیشان بكرێت، به‌ڵام كاتێ ئاماده‌بوون وه‌ك مرۆڤ شوێنی ئاماده‌بوونی ئه‌كته‌ر ئه‌گرێته‌وه، ئه‌و ساته مرۆڤ نه‌ك هه‌ر له‌ده‌سه‌ڵاتی تێكست وده‌رهێنان ڕزگاری ده‌بێت، به‌ڵكو له ده‌سه‌ڵاتی نه‌ریت وپێودانگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش ئازاد ده‌بێت، ئه‌وه‌ش له مه‌شقه‌كانی لابۆری شانۆی لالش له ته‌واوی بوونی مرۆیی ده‌رده‌كه‌وێت، بۆیه ده‌نگی سه‌ركوتكراو له‌ناو مه‌شقه‌كان ئازاد ده‌كرێت، ئازادبوونی ده‌نگ.. ئازادبوونی نه‌ستی مرۆڤه، ئه‌وه كرانه‌وه‌ی مرۆڤه له‌ناو خۆی، گه‌ڕانه‌وه‌یه به‌ناو ده‌هالیزه‌كانی رۆحی، دابڕانیه‌تی له دنیای واقیع وئینتیماكردنه بۆ دنیایه‌كی كه‌شف نه‌كراو.. دنیایه‌ك كه به‌ر له مه‌شقه‌كان نه‌یناسیووه. بۆیه له‌و كاته‌دا ئه‌و جوله بۆ ده‌نگی نادۆزێته‌وه، به‌ڵكو ده‌نگ هێزێكی خوڵقێنه‌ری بینراوه كه توانای جولاندنی جه‌سته‌ی هه‌یه، ئه‌وه هێزی ده‌نگه ئه‌بێته هۆی جوله، چیتر جوله بریتی نیه له جولاندنی زیاده‌ڕه‌وی ده‌ست وپه‌نجه‌كان، به‌ڵكو ده‌سته‌كان ته‌نیا له‌كاتی پێویستدا ده‌جولێن، چونكه ته‌واوی جه‌سته گوزارشت له بوونی خۆی ده‌كات، واته هه‌موو جه‌سته ده‌جولێته‌وه، جوله شێوه‌ی جیاواز له‌گه‌ڵ یه‌كتری وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ش به‌شداریكردنێكی هاوبه‌شی مرۆڤه له‌گه‌ڵ یه‌كتری كاتێ به‌یه‌كه‌وه ده‌نگ ڕیتوالێكی تایبه‌ت بنیات ده‌نێت، ئه‌وه ته‌وزیف كردنی ڕیتوال نیه له‌ناو مه‌شقدا، به‌ڵكو نه‌ستی چه‌پێنراو له‌ڕێگه‌ی ده‌نگه‌وه ڕیتوالی خه‌ونی له‌ده‌ستدراو وساتی شكسته خودگه‌راكانی مرۆڤ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر مرۆڤی مۆدێرنیتی به‌پێی كۆژیتۆكه‌ی دیكارت مرۆڤێكی عه‌قڵانی بێت به‌وه‌ی بوونی وابه‌سته‌ی بیركردنه‌وه بێت، ئه‌وا مرۆڤ له لابۆری شانۆی لالش بوونی وابه‌سته‌یه به ئاماده‌بوونی ده‌نگه‌وه.. ئه‌وه‌ش پڕۆسه‌ی به بینراوكردنی ده‌نگه، ده‌نگ ئه‌بێ به چڕكردنه‌وه‌ی ووزه له‌ناخی مرۆڤ، ووزه ده‌نگی نه‌بینراو ئه‌گۆڕێت بۆ ده‌نگی بینراو، ئه‌وه‌ش چه‌مكێكی نوێ دێنێته ئه‌و ڕووبه‌ره كه جه‌سته‌ی ئاهه‌نگسازه، جه‌سته‌یه‌ك ده‌نگ ئه‌یجولێنێت ئه‌یخاته ساتی شادی و ئازار
له‌ناو مه‌شقه‌كاندا ئه‌وه‌ی زیاتر سه‌رنجت ڕاده‌كێشێ به‌ته‌نیا جۆری مه‌شقه‌كان نیه كه ده‌نگ توانای بزواندنی ته‌واوی جه‌سته‌ی هه‌یه له‌شێوه وه‌رگرتنی ته‌كنیكی، به‌ڵكو مه‌شقه‌كان له‌ناو ده‌نگی نیگار حه‌سیب بۆخۆی ئه‌تمۆسفێرێكی تایبه‌ت به مه‌شقه‌كان ده‌به‌خشێت، ئه‌و كه خۆی سه‌رپه‌رشتیاری مه‌شقه‌كان ده‌كات، له‌هه‌مان كاتدا تۆنی ده‌نگه‌كانی پاك كردۆته‌وه، ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌سه‌ره‌تادا وه‌ریگرتووه وه‌ك ته‌كنیكی ده‌نگی به‌كاری دێنێت، تا ته‌واو له‌ناو بونیادێكی ده‌لالی ده‌نگی سه‌ربه‌خۆ ده‌بێته هێزێكی چالاك بۆ بوونی مرۆیی.
بۆیه ده‌نگ ده‌بێته تۆڕێك له ئاماژه كه هه‌ڵگری توانای خود وجه‌سته‌یه، ئه‌وه‌ش خودی مرۆییه، ئه‌گه‌ر ده‌نگی فه‌یروز له گۆرانی ووتندا ده‌نگێك بێت توانای به‌جوله كه‌وتنی ناخی هه‌بێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌و جوله‌یه‌ی كه ده‌نگ بنیاتنی ده‌نێت، ئه‌وا جێی خۆیه‌تی له‌به‌رامبه‌ر ده‌نگی نیگار ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه وا لێبكه‌ین كه نیگار حه‌سیب.. فه‌یروزی شانۆیه، چونكه ئه‌و توانا موعجیزه‌یه‌ی له ده‌نگی فه‌یروز به‌دی ده‌كرێت، هه‌مان توانای خوڵقێنه‌ره كه له ده‌نگی نیگار حه‌سیب ده‌رده‌كه‌وێت، توانایه‌ك زمانی شانۆ.. زمانی گۆرانی تایبه‌ت به شانۆیه، ئه‌وه گۆرانی نووسراوی سه‌ر كاغه‌ز نیه، به‌ڵكو گۆرانی شانۆ ئه‌و هه‌ستانه‌ن كه ڕۆح له‌ناو قوڕگدا له‌ساتی شادی وئازار له‌ڕێگه‌ی ده‌نگه‌وه ده‌ینووسێته‌وه، ئه‌وه‌ش ئاماده‌بوونی ده‌نگه كه ووشه ڕه‌هه‌نده فاشیزمیه‌كه‌ی كوژراوه‌و ده‌نگ له‌ناو فره ڕه‌هه‌ندی ئازادی كردووه، به‌وه‌ی ئیدی ئێمه خاوه‌نی یه‌ك وێنه‌ی نه‌گۆڕ نین، ئه‌گه‌ر ووشه یه‌ك وێنه‌ی نه‌گۆڕی هه‌بێت، ئه‌وا ده‌نگ خاوه‌نی چه‌ندین وێنه‌ی جیاوازه، ئه‌وه‌ش شانۆ له‌تاكه ڕاڤه‌كردن ده‌گوازێته‌وه بۆ خوێندنه‌وه‌ی فره ته‌ئویلی، لێره‌دا ده‌نگی نیگار ئه‌مانخاته سه‌ر چه‌ندین هه‌وڵی ته‌ئویلكاری بۆ ئاماژه‌ی ده‌نگ، به‌وه‌ی ئه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ناو زانستێكی مرۆیی تایبه‌ت كه ئه‌نترۆپۆلۆژیایه، ئه‌وه‌ش ئه‌نترۆپۆلۆژیای ده‌نگه، بۆیه ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌و زانسته‌وه له ده‌نگ بدوێین، ئه‌وه دوان نیه له تێگه‌یشتن بۆ سه‌نته‌ری مانا به‌قه‌د ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ده‌نگه وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك له‌ناو فره ده‌لاله‌تیدا، ئه‌ویش خوڵقاندنی پرسیاره جیاوازه‌كانه
ئه‌نترۆپۆلۆژیای ده‌نگ
ئه‌وه تێگه‌یشتنێكی نائه‌ورووپیانه‌ی ده‌نگه له ئه‌زموونی لابۆری شانۆی لالش، میتۆدێكی داهێنه‌رانه‌ی شه‌ماڵ عومه‌ره، ئاماده‌بوونی ده‌نگ له ئه‌زمونی لابۆری شانۆی لالش دامه‌زراندنی گوتاری ئه‌لته‌رناتیڤه له شانۆی ئه‌زمونگه‌ری، ئه‌و گوتاره به‌ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه به‌ساته‌وه‌ختێكی پڕۆژه‌ی پشكنینی ئه‌زمونێكی ده‌ست نیشان كرا‌و، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی به‌ریه‌كه‌وتنی ده‌نگه له‌ته‌ك كولتوره جیاوازه‌كان، له‌و ساته‌وه‌خته‌دا ده‌نگ ئه‌و ده‌ربڕاوه‌ی ووشه‌ی ده‌نگی نیه كه گوزارشت له‌ساتی ئاگایی و هه‌سته ناخیه‌كانمان ده‌كات، ده‌نگ ئاماژه‌یه‌كی كراوه‌ی ته‌ئویله، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ته‌ئویلی ده‌نگ بكه‌ین ده‌بێ جه‌سته‌یه‌كی ئاماده‌ی ناو سرووت بین، كاتێ ده‌بین به جه‌سته‌ی ئاماده ئیدی گرفتمان له‌وه‌دا كۆ نابێته‌وه كه ده‌نگ كورت بكه‌ینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌و ده‌نگه خاوه‌نی چ مانایه‌كی ڕووداوه، هێنده‌ی پێویست به‌وه ده‌كات له‌ناو سرووت ئێمه ساته هاوبه‌شه‌كانی چێژی شادی و چێژی ئازار ئه‌وه‌ی بارت بۆ خوێندنه‌وه ده‌یخاته ڕوو هه‌ستی پێبكه‌ین.(1)
ئه‌و كاتانه‌ی گه‌یشتین به‌و هه‌سته ئیدی گوتاری ناوه‌كی ڕۆحمان ئازاد ده‌بێت، ئازاد بوونی گوتاری ناوه‌كی فڕێدانه‌وه‌ی كرده‌ی نه‌ستیه، به‌ڵام كرده‌یه‌ك خۆی ڕزگار كردووه له‌مانا باوه‌كانی نه‌ست له‌شانۆی ڕیتوالی، ئه‌وه‌ش به‌ره‌نجامی گه‌ڕان و پشكنینی لابۆری لالشه، كه به‌دوای شانۆیه‌كی ئه‌لته‌رناتیڤ ده‌گه‌ڕێت، ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر تێڕوانینه ئه‌زمونگه‌ریه ده‌ركه‌وتووه‌كانیش، (2) چونكه ده‌نگ ده‌بێ به سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ گوتاری به‌رهه‌م هێنان، ئه‌و گوتاره زه‌مه‌نی ئه‌ده‌بی تێكست ده‌كوژێت (3) به‌هۆی ئه‌وه‌ی زه‌مه‌نی ئه‌فڕێنه‌ر شوێنی ده‌گرێته‌وه، ئه‌وه‌ش زه‌مه‌نێكه تێكست ده‌چێته ناو پڕۆژه‌ی ڕووخان و ووشه ده‌بێت به ده‌نگ وجه‌سته‌ش ده‌بێته ده‌نگ، هه‌موو بونیاده‌كانی شانۆ ده‌نگه. (4)
ده‌نگ بنیاتنانی سرووته، ئه‌وه‌ش ده‌نگ ده‌بێ به میكانیزمێك بۆ به‌شداریی كولتوریی، كه په‌یوه‌ست نیه به ده‌نگی چه‌ندین ئاهه‌نگسازه‌وه، تاكه ئاهه‌نگسازێك توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه كه له‌ڕێگه‌ی توانا ده‌نگیه‌كانه‌وه هه‌ڵگری چه‌ندین كو‌لتور بێت بۆ خوڵقاندنی سرووت، ئه‌وه‌ش وه‌زیفه‌ی شیعری پانتایی له‌ناو گوتاری نمایش ده‌گۆڕێت به‌وه‌ی شیعری پانتایی به‌ته‌نیا جوله بنیاتی بنێت، به‌ڵكو ده‌نگ ده‌بێته میكانیزمی له‌دایكبوونی شیعری پانتایی.
ده‌نگ زمانێكی نوێ دێنێته بوون كه زمانی ده‌نگه، ئه‌و زمانه دۆزینه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی ڕه‌ها نیه بۆ مانا، بۆ ناونانی ماتریاله‌كان، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌و زمانه په‌یوه‌ندیه‌كی نوێ ده‌خوڵقێنی، ئه‌ویش ئاماده‌بوونی ئێمه‌یه له‌ناو چه‌مكی ئاهه‌نگدا، چونكه ئێمه له‌ناو ده‌نگ نابێت ئه‌و هه‌سته ته‌رخان بكه‌ین بۆ بیستن، به‌ڵكو ده‌نگ بینین داگیر ده‌كات، (5) ئه‌و داگیر كردنه‌ش كوشتنی زه‌مه‌نی كرنۆلۆژییه بۆ ده‌نگ، چونكه ده‌نگ ڕووبه‌رێكی زمانه‌وانی ده‌لالیه‌و ناكرێ ڕاڤه بكرێت، به‌ڵكو پێویستی به فره ته‌ئویلیه، ئه‌وه پڕۆسه‌یه‌كی هیرمنیۆتیكیه بۆ ده‌نگ، ته‌ئویلكار له‌ناو ده‌نگدا وابه‌سته نیه به زه‌مه‌نێكه‌وه، ئه‌و له یاده‌وه‌ریه‌وه دێته ئێستای زه‌مه‌نی ته‌ئویل كردن و به‌هه‌ردوو زه‌مه‌نه‌كه‌شه‌وه له زه‌مه‌نی داهاتوو ده‌دوێن، دوان له‌و هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیانه‌ی ده‌نگ له ئاماده‌بوون ده‌یخاته ڕوو، بۆیه ده‌نگ له‌و لابۆره‌دا بوونێكی زیندووه.. بوونێك له جه‌سته‌ی ئاهه‌نگسازه‌وه ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ ئێمه‌ی ئاهه‌نگساز، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌سته به‌و فۆڕمه‌ی كولتوری كوردی له كرده كۆمه‌ڵیه‌كانه‌وه به‌رهه‌می دێنێت "مارسێل موس له‌توێژینه‌وه ئه‌نترۆپۆلۆگیه‌كه‌یدا له‌باره‌ی جه‌سته‌و ته‌كنیكی ژیانی ڕۆژانه گه‌یشتۆته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه ته‌كنیكی جه‌سته به‌رهه‌می تاكه كه‌سی نیه، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به سیفاتی سۆسیالی كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامێكی له‌باره، چونكه جه‌سته یه‌كه‌مین وسرووشتیترین ئامرازی مرۆڤه بۆ ده‌ربڕین"(6)
ئه‌وه‌ش په‌یوه‌سته به یاده‌وه‌ری ئاهه‌نگسازه‌وه‌و له‌ناو ڕووبه‌ری ئاهه‌نگ ده‌یگه‌یه‌نێته‌وه به ئێمه، ئه‌وه‌ش ده‌نگه كه زه‌مه‌نه‌كانمان زه‌مه‌نی بوونی مرۆییمان به‌یه‌كه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام به‌یه‌ك گه‌یشتنێك له‌ناو خۆرئاوادا كه‌چی له تێگه‌یشتنێكی خۆرهه‌ڵاتیه‌وه سه‌ر له‌نوێ ده‌نگ ده‌خاته پرۆسه‌ی ئاماده كردنه‌وه، ئه‌وه‌ش ئاماده بوونی سه‌رله‌نوێمانه، ده‌نگ ده‌بێ به‌و گیانه زیندووه‌ی هه‌میشه به‌ره‌و كه‌شفكردنی نهێنی و نه‌زانراو ناخمان ئازاد ده‌كات، ئه‌وه‌ش بۆ خۆرهه‌ڵاتی ئازادبوونیه‌تی له ڕابردوو، بۆ خۆرئاواییش ئاماده‌بوونی جیاوازه له‌ناو كولتوره‌كه‌یدا. ئێمه لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ڵوه‌سته بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌كسیۆنی پڕۆژه‌ی (بێ سێبه‌ر) كه نیگار له‌چوارچێوه‌ی وۆرك شۆپه‌كه‌دا نیشانمانیدا
ئه‌كسیۆنی پڕۆژه‌ی: بێ سێبه‌ر
له‌درێژه‌ی ئه‌و وۆركشۆپه‌دا نیگار چه‌ند ئه‌كسیۆنێكی له‌پڕۆژه‌ی (بێ سێبه‌ر) نمایشكرد، ئه‌وه پرۆژه‌یه‌كی ئه‌لته‌رناتیڤ بوو به‌وه‌ی ده‌نگ له ئاماژه‌یه‌كه‌وه به‌ره‌و فره ده‌لاله‌تی ده‌رده‌كه‌وت شێوه‌ی نمایشه‌كه‌ی بازنه‌یی بوو، به‌ڵام ئه‌وه مانای وا نه‌بوو كه جوله‌ی بازنه‌یی بسه‌پێنێته سه‌ر كاره‌كه، به‌ڵكو هه‌ریه‌كێك له ئێمه له‌هه‌ر لایه‌ك باین سه‌ره‌نجام ئێمه ده‌بووینه به‌شێك له نمایشه‌كه ئه‌وه به‌شداری كردنێكی هاوبه‌شی ئێمه بوو له‌گه‌ڵ نیگار له‌ناو چه‌مكی ئاهه‌نگ، ده‌نگ ته‌واوی جوله‌ی ده‌جولاند به‌هیچ جۆرێك نه‌یده‌ویست جوله بۆ ده‌نگ بدۆزێته‌وه، به‌ڵكو ده‌نگ هێزێكی چالاك بوو كه توانای به جولاندنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی هه‌بوو، ده‌نگ وا ده‌كات جوله بكه‌وێته دۆخی جیاوازه‌وه.. ئه‌وه وێنه‌ی ده‌نگی بوو كه ده‌لاله‌تی جیاوازی ئه‌به‌خشی له‌ئاهه‌نگی خه‌مناكه‌وه بۆ ساتی په‌یوه‌ندیی غه‌ریزییه‌وه بۆ گریان به‌رامبه‌ر به رۆحی بێده‌نگكراو، ئه‌وه‌ش شینێكی ده‌نگ بوو بۆ بێده‌نگی و بۆ ده‌نگی سه‌ركوتكراو، سه‌ره‌نجام ئێمه له‌ناو كۆمه‌ڵه ده‌لاله‌تێكی ده‌نگه‌وه یاده‌وه‌ریمان ئه‌رۆیشته‌وه سه‌ر جۆره ڕیتمێك له ده‌نگ، به‌ڵام ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ یاده‌وه‌ری ده‌نگ له‌ڕاستیدا ته‌نیا له‌تۆنی ده‌نگه‌كانه‌وه وا هه‌ست ئه‌كه‌ین ده‌نا تۆنی ده‌نگه‌كان به‌ته‌واوی پاككراوه‌ته‌وه، ریتمی ئه‌و گۆرانیانه‌ی ناو یاده‌وه‌ریمان وه‌كو ته‌كنیكی ده‌نگی به‌كار هاتونه‌ته‌وه، چونكه ئێمه گۆرانی ئه‌بیستین، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گۆرانی گۆرانی نه‌بوو، ئه‌و ڕووبه‌ره‌ی نمایشی تیا ده‌كرێ، ئاماده‌بوونی ده‌نگ نیه له پانتاییدا، به‌ڵكو ده‌نگ بۆخۆی ئاماده‌بوونی پانتاییه، وه‌ك چۆن ئاماده‌بوونی ده‌نگ هێزی خوڵقاندنی جه‌سته‌یه.. به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌نگ ده‌بێته‌وه پانتایی، ئه‌و فاكته‌ره‌ی له‌پشت ئه‌و لۆژیكه‌وه وه‌ستاوه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه نایه‌وێ ده‌نگ ته‌وزیف بكاته سه‌ر بۆشایی كریستالی، بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر به‌ره‌و سه‌رسامی بێنێت.
لابۆری شانۆی لالش له‌به‌رامبه‌ر دوالیزمی (كاریگه‌ری/ سه‌رسامی) ئه‌وه‌ی بۆخۆی یه‌كلا كردۆته‌وه كه كاری ئه‌وان سه‌رسامی درووست كردن نیه، چونكه "شانۆ كاریگه‌ری پێویسته نه‌ك سه‌رسووڕهێنان، سه‌رسووڕهێنان كاری ئه‌فسوونبازه‌كانه، ژیانی سه‌رده‌م ئیدی ئه‌فسوونبازی گه‌ره‌ك نیه" (7)
سه‌رسامی دۆخێكه كه بینه‌ر ساته‌وه‌ختی بینین سه‌رسام ده‌بێت به جوله، به‌ڵام ئه‌وه زیاتر له گه‌مه‌ی لێبووكی سێرك ده‌چێت، هه‌رچی كاریگه‌ریه توانای ورووژاندنی پرسیاری هه‌یه له ناخی بینه‌ر به‌وه‌ی ده‌نگ له‌ناو چ سیستمێك ده‌یه‌وێ چركه ساتی مرۆییمان بجولێنێت، كاریگه‌ری وا ده‌كات تێگه‌یشتنی جیاوازی بینه‌ران بمانخاته به‌ر كۆمه‌ڵه مانایه‌كی جیاواز، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌سته به‌و زمانه فره‌ییه‌ی ده‌نگ ده‌یخاته ڕوو، كه نیگار وه‌ك خۆی دوای ئه‌كسیۆنه‌كه له‌گفتوگۆی ئێمه له‌گه‌ڵیدا ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه "كاتێ شه‌ماڵ عومه‌ر ده‌نگێكم پێده‌گه‌یه‌نێت، من ده‌نگه‌كه له‌ژێر زه‌ویه‌وه له‌قاچه‌كانمه‌وه پێم ده‌گات" ئه‌وه‌ش وا ده‌كات هه‌موو ماتریالێك ببێت به ده‌نگ، ئه‌و پارچه قوماشه سپیه‌ی به‌كاری دێنێت، ده‌بێته ده‌نگێكی بینراو، هێزی ده‌نگ ده‌یجولێنێت، وه‌ك چۆن ئه‌و پارچه قوماشه ڕه‌شه‌ی پۆشاكه‌كه‌ی لێ ده‌كاته‌وه وێنه‌یه‌كی ده‌نگی به جه‌سته ده‌به‌خشێت كه جه‌سته ده‌بێ به‌بینراوی ده‌نگ، ده‌بێته به‌شێكی تر بۆ بنیاتی ده‌نگ كه ئاماژه‌ی بینراو پێك دێنێت، ماتریاله‌كان ده‌بنه ده‌نگ .. جه‌سته ده‌بێته ده‌نگ.. پانتایی ده‌نگه.. ئه‌وه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئه‌و چه‌مكه‌ی كه لابۆری لالش ناوی ده‌نێت "ده‌نگ وه‌كو سه‌رچاوه"
ده‌نگ وه‌كو سه‌رچاوه
كاتێ ده‌نگ وه‌كو سه‌رچاوه وه‌رده‌گرینه‌وه، مانای وایه بنیاتی شانۆ له ده‌نگه‌وه ئینتیما ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌ته‌نیا بنیاتنانی زه‌مینه‌یه‌ك نیه له‌سه‌ر ده‌نگ، به‌ڵكو چاره‌سه‌ری ئیشكالیه‌تی ده‌نگه له شانۆدا، شانۆی ئێمه به‌درێژایی مێژوو هاوارو قیژه وهه‌ڵچوونی ده‌ستكرد به‌ناوی ده‌نگ كوشتوویه‌تی، بۆیه كاتێ ده‌نگ وه‌كو سه‌رچاوه سه‌یر ده‌كه‌ینه‌وه، ده‌بینین به‌ر گوتارێكی هاودژ ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌ی به‌ناوی ده‌نگ خۆی ده‌نواند له‌ڕاستیدا ئه‌وه هاواری بێده‌نگی بوو.. ئه‌وه بێده‌نگی مه‌رگ بوو، كه ده‌یالۆگێكی نووسراو ده‌گوازرایه‌وه بۆ قیژه وهاواری ده‌ستكرد، له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ش جوله‌ی بۆ درووست ده‌كرا، ئه‌وه وێنه‌یه‌كی لاسایی كاری هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری ژیان بوو.
لێره‌دا ئه‌و سه‌ركێشیه ده‌گمه‌ن و ناوازه‌یه‌ی لابۆری شانۆی لالش ده‌یهێنێته بوون له‌ڕاستیدا به‌ته‌نیا گه‌ڕانه‌وه نیه بۆ ده‌نگ، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ مه‌عریفه‌ی ده‌نگ، ئه‌وه‌ش داڕشتنه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی شانۆیه، به‌درێژایی مێژووی ئێمه هیچ هه‌وڵێكی هێنده بوێر وچاونه‌ترسانه‌مان نیه به‌و شێوه‌یه پڕۆژه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ شانۆ بخاته ڕوو (8) كه ئه‌وه شانۆیه‌كی ئه‌لته‌رناتیڤه، شانۆیه‌ك كه گرۆتۆفسكی به دژه شانۆ سه‌یری ده‌كات، مه‌به‌ستیشمان گۆڕانه له ته‌واوی گوتار‌و بونیاده پێكهاتووه‌كانی شانۆ، به‌وه‌ی شانۆ له‌ده‌ره‌وه‌ی تێكستی نووسراوی كاغه‌ز وپه‌یوه‌ندی بیناسازی ته‌قلیدی شانۆ وده‌یالۆگ وهه‌موو ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه له ڕابردوودا به بنه‌مای سه‌ره‌كی شانۆ سه‌یر كراون، ئه‌وا له‌و هه‌وڵه چاو نه‌ترس وبوێرانه‌ی لابۆری لالش هه‌موو ئه‌و بنه‌مایانه ده‌بنه بنه‌مای له‌كار كه‌وتوو، چونكه چیتر ئه‌وانه بنه‌مای شانۆ نین، شانۆ مه‌شقه.. ئاماده‌بوونی ده‌نگه، ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ش ئاماده‌بوونی شانۆیه.
ده‌نگ نایه‌وێ ڕاڤه‌ی جوله بكات، چونكه جوله بریتی نیه له ڕووداو، هێنده‌ی ده‌نگ بۆخۆی ڕووداوه‌كه‌یه، چونكه ده‌نگ سه‌ره‌نجام ده‌بێته توێژینه‌وه‌یه‌كی جه‌سته‌یی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاماده‌بوونی ده‌بێته هێزی بزواندنی جه‌سته، ئه‌وه‌ش ناو ده‌به‌ن به مارێكی خه‌وتوو له‌ناویاندا، هه‌ر كاتێك ئه‌و ماره جولا ئه‌وانیش ده‌جولێن، هه‌ناسه‌دان وچاوكردنه‌وه‌ی ماره‌كه وده‌مكردنه‌وه‌ی هاوته‌ریبه به‌كاركردنی ئه‌وان "له‌و باره‌یه شه‌ماڵ عومه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌و كاته‌ی باس له‌ده‌نگ ده‌كه‌م، وه‌ك ئه‌وه وایه باس له بوونه‌وه‌رێكی زیندوو بكه‌م.. به‌ڵێ ئه‌و بوونه‌وه‌رێكی زیندووه.. ئه‌و منه.. ئه‌و ئێمه‌یه"(9)
ئه‌وه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ده‌نگ وه‌ك سه‌رچاوه، ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌نگ ده‌بێ به بوونه‌وه‌رێكی زیندوو مانای وایه شانۆ ده‌نگ به بینراو ده‌كات، ئه‌وه به بینراوكردنی ده نگه، بۆیه شه‌ماڵ بوونی خۆی له‌گه‌ڵ بوونی ده‌نگ له په‌یوه‌ندیه‌كی ئاڵوگۆڕ كراوی به‌رده‌وام ده‌بینێته‌وه، ئه‌وه‌ی واش ده‌كات ده‌نگ بوونه‌وه‌رێكی زیندوو بێت ومردوو نه‌بێت ئه‌وه‌یه كه ده‌نگ گریمانه‌ی نووسینی سه‌ر كاغه‌ز ناسه‌پێنێ، به‌ڵكو له‌ناخی مرۆڤدا دێته دی كه له مارێكی خه‌وتوو ده‌چێت، هه‌ر كاتێك ماره‌كه جولا.. ئه‌وه ده‌نگ دێته بوون، هاتنێك كه توانای جولاندنی ته‌واوی جه‌سته‌ی هه‌یه، ئه‌وه‌ش كارێكی ئاره‌زوومه‌ندانه نیه، به‌ڵكو له‌ئاستێكی پیشه‌گه‌رانه‌ی دانپیانراو به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، هه‌روه‌ك نیگار حه‌سیب له ئه‌كسیۆنی (بێ سێبه‌ر) بۆی خستینه ڕوو.
دیاره له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دانپیانانه‌ی ئێمه به ئاستی به‌رزی ده‌نگ، كه‌سانی تریش كه ئه‌زموونێكی دیاریان له‌و بواره هه‌یه (10) دان به‌و حه‌قیقه‌ته ده‌نێن، ئه‌وه‌ته تۆماس ریچارد له‌باره‌ی ئه‌زموونی لابۆری لالش ده‌ڵێت "شێوازی به‌كارهێنانی ده‌نگ وجه‌سته، میتۆدی كاركردنتان وڕاده‌ی به‌رزی پرۆفیسیۆناڵیتان تووشی سه‌رسووڕمانی كردم"11
جه‌سته‌ی ئاهه‌نگساز چه‌مكێكی لابۆری شانۆی لالشه كه له‌شوێنی ئه‌كته‌ر به‌كار دێت، بۆچی به ئه‌كته‌ر ئه‌ووترێت جه‌سته‌ی ئاهه‌نگساز؟ ئایا ئه‌وه چه‌مكێكی ئه‌لته‌رناتیڤی ڕووته؟ یاخود ئاماده‌بوونی چه‌مكێكی ئه‌لته‌رناتیڤی په‌یوه‌ست به پرۆژه‌كه‌یه؟ ئه‌و ده‌مه‌ی نیگار له‌ئه‌كسیۆنی (بێ سێبه‌ر) ده‌بینین ئێمه چاوه‌ڕوانین ئه‌و وه‌ك ئه‌كته‌رێك سه‌رنجمان به‌لای خۆیدا ڕاكێشێت، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و ئه‌كته‌ر نیه وه‌ك چۆن گۆرانیبێژیش نیه به‌مانای گۆرانی بێژ، به‌ڵكو به‌مانای ئه‌كته‌رێكی گۆرانی بێژی ئۆپیرایش نه گۆرانی بێژێكی ئه‌كته‌ره نه ئه‌كته‌رێكی گۆرانی بێژه، به‌ڵكو ئه‌و بوونێكی ت